خۆڕاگری: سێ ئەندامی یەک بنەماڵەی خەڵكی داڵاهۆ بەناوەکانی فەرشاد شەفیعی، غەزەڵ شەفیعی و ئیلهام مێهرابی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ١٩ی بەنفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٩ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” فەرشاد شەفیعی، غەزەڵ شەفیعی و ئیلهام مێهرابی، سێ ئەندامی یەک بنەماڵەی ئایینی یارسان و خەڵی شاری “کەرەند”ـی داڵاهۆ سەربە پارێزگای کرماشان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان ناڕوونە.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەی ئەو بنەماڵەیە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروستە لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەیشیان بێئاکام ماوەتەوە.
