سێ هەزار کەس لە پیشەی خۆدرەوسازی ئێراندا بێکار بوون

“تەسنیم” هەواڵدەریی سەر بە سپای پاسداران، بە ئاماژە بە وتەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی “قەتعەسازان” دەنووسێ: بە هۆی گرفتی دارایی نیزیکەی ٣٠٠ هەزار نەفەر لە کرێکاران بێکار بوون.
“ئارەش موحیببی نژاد” سەرۆکی ئەنجوومەنی “قەتعەسازان”ی وڵات دەڵێ: بە مەبەستی چارەسەری گرفتی دارایی، نوێنەرانی قەتعەسازانی وڵات تا ئێستا ٤٠ کۆبوونەوەیان لە گەڵ کاربەدەستانی حکوومەت ئەنجام داوە بەڵام بە هیچ ئاکامێک نەگەیشتوون.
“موحیببی نژاد” لە درێژەی وتەکانی دا گوتی” وێڕای قەول و بەڵێنییەکانی کاربەدەستانی حکوومەت، بەڵام تا ئێستا هیچ هیوایەک بۆ چارەسەریی کێشەکان نییە، ڕێگەیەکی بۆ نەدیتراوەتەوە و بارودۆخی ئەو بەشە گرینگەی پیشەسازیی وڵات ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێ و بەمزوانە ٤٠٠ کرێکاری تریش بێکار دەبن.

ناوبراو گرفتی ئەو توێژەی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی پارە و کەرەسەی سەرەتایی، خۆپاراستن یا نەبوونی دراو بۆ پێدانی قەرزەکانیان و چوونە سەری نرخی کەلوپەل کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی بەرهەمهێنانی ماشێن.
موحیببی نژاد هەروەها ڕایگەیاند کە بەرهمهێنانی ماشێن لە نێوخۆی وڵات خەریکە دەوەستێ. هەرچەند ناوبراو باسی لەوە نەکرد کە لە ئاکامی وەستانی ئەو کارەدا چەند کەس بێکار دەبن، بەڵام بە ڕاشکاوی باسی لە بێکاریی ٢٨٠هەزار کرێکار کرد و گوتی بێکاریی بە خێرایی لە زیادبووندایە.
دوای پیشەسازیی نەوت و گاز، پیشەسازی ماشێن و قەتعەسازی ئێران لە سەر یەک گەورەترین پیشەسازیی وڵاتن کە زۆرترین کرێکار لە خۆی دەگرێ کە بە هۆی کێشەی دارایی و ئابووریی و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لە داڕمان نیزیک بوونەتەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*