خۆڕاگری: محەممەد سۆهرابی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار پاش نزیکەی یەکساڵ ڕاگیران، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی (٣ی ١٢ی ٢٠٢٥ی زایینی)، محەممەد سۆهرابی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شاری پیرانشار و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، پاش ١١مانگ دەسبەسەربوون بەدانانی بارمتەی قور بە بڕی یەک ملیارد و پێنسەد ملیۆن تمەن لە بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە ئازاد کرا.
ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ١ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو (٢٠ی ١ی ٢٠٢٥ی زایینی)، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە کە هەڵیانکوتایە سەر شوێنی کارەکەی و دەسبەسەر کرا و دواتر بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەشی و بەتەواوی ماڵەکەشیان پشکنی و پاش یەکجار لێکۆڵینەوە گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە و هەروەها پێشتریش لەکاتی شۆڕشی ژینادا دەسبەسەر کرابوو و لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، سزای ١٦مانگ بەندکردنی تەعزیری و یەکساڵ دوورخستنەوە لە زێدی خۆی بەسەردا سەپێندرابوو.
