بڕیارەکەی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی، زیندانیانی سیاسی ناگرێتەوە

لەژێر گوشاری چالاکانی سیاسی و مەدەنی و لە ترسی کۆرۆنا دەزگای دادی ڕێژیم ڕەزامەندی بۆ چوونەدەرەوەی کاتیی بەشێکی دیاریکراو لە زیندانیان دەربڕی .
دوای چەند جار گوشار و داواکاری چالاکانی مەدەنی و سیاسی و هەروەها ناوەندە نێونەتەوەییەکان و مەترسی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەزامەندی لەسەر چوونە دەرەوەی کاتیی بەشێکی دیاریکراو لە زیندانیان دەربڕی.
بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە لە لایەن دەفتەری”ڕەئیسی” سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامییەوە دەرچووە، بە ئاماژە بە مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەها ڕۆژە تایبەتە مەزهەبییەکان، داوا لە بەرپرسانی بەندیخانەکان و بەرپرسانی دادگاکانی کۆماری ئیسلامی کراوە کە بەشێکی دیاریکراو لە بەساڵاچوان و ئەوانەی نەخۆشی مەترسیداریان هەیە و ئەوانەی تاوانەکانیان زیاتر ماڵی و داراییە دەتوانن بە دانانی بارمتە بنێرنە مەرەخەسی.
شایانی باسە لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە زیندانیانی سیاسی و ئەو تاوانبارانەی کە کۆماری ئیسلامی بە دژی ئاسایشی وڵات ناویان دەبا ئەم بڕیارە نایانگرێتەوە و گیانی ئەو کەسانەی کە داوای مافەکانیان کردوە بۆ کۆماری ئیسلامی هیچ گرینگ نییە.
زیندانیانی سیاسی کە بێجگە لە دیفاع لە ئازادی و مافە سیاسییەکانی گەلانی ئێران هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە، لەگەڵ ئەوەی کە ئازادییەکانیان پێشێلکراوە و دوور لە یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان کەوتوونەتە بەندیخانە، ئەمڕۆ بێجگە لە ئەشکەنجە و ئازار لە زیندانەکاندا دەبێ چاوەڕوانی ڤایرۆسی کۆڕۆناش بن و کۆماری ئیسلامی نەک گیان و ژیانی ئەو ئینسانە شەریف و ئازادیخوازانەی بۆ گرینگ نییە، بەڵکوو دژی هەموو یاساکانی مافی مرۆڤە و گیان و ژیانی گەلانی ئێرانیش بەلایەوە بایەخی نییە.