ناڕوونی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی سنە پاش زیاتر لە مانگێک

خۆڕاگری: چیاکۆ ڕەزایی و ئازاد حاجی‌زادە، دوو هاووڵاتیی خەڵكی سنە نزیکەی مانگێکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان ناڕوونە.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئازاد حاجی‌زادە، هاووڵاتیی خەڵكی شاری سنە ماوەی یەک مانگ و شەش ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە و هەروەها چیاکۆ ڕەزایی، هاووڵاتیی خەڵكی ئەو شارە ماوەی دوو مانگ و چوار ڕۆژە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.

چیاکۆ ڕەزایی، قارەمانی یاریی بەرگری شەڕ و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، و ئازاد حاجی‌زادە، چالاکوانی ژینگەپارێزی لە یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە شاری سنە ڕاگیراون و تائێتسا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.