دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی مەریوان بەشێوەی کاتیی ئازاد کران

خۆڕاگری: کیومەرس و مستەفا ئەدوایی، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی مەریوان پاش زیاتر لە ٤٥ڕۆژ ڕاگیران بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، کیومەرس ئەدوایی و مستەفا ئەدوایی، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شاری مەریوان پاش نزیکەی ٢مانگ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کراون.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە، ١٥ی خەرمانانی ئەمساڵ، لەلایەن هیزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران و لەماوەی دەسبەسەربوونیاندا لەمافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و هەروەها  تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.