
خۆڕاگری: شاندێکی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە سەرپەرەستی سەلاح خزرپوور، سەردانی کۆمکاری زیندانییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیان کرد.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، شاندێکی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە سەرپەرەستی بەڕێز سەلاح خزرپوور، بەرپرسی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان و حەسەن کاکیلی و شێرکۆ شێخاڵی ئەندامانی ئەنجومەن، سەردانی کۆمکاری زیندانییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەلایەن عەلی محەممەد، سەرۆکی کۆمکار و نەجات سەلیم، سەباح مەولوود و قاسم عەزیز، کارگێڕانی کۆمکار پێشوازییان لێکرا.
لەو دیدارەدا باس لە دۆخی زیندانییە سیاسییەکانی کورد کرا و جەختیان لەسەر هاوکاری و پێکەوە کارکردن کردەوە کە بەشێوەیەکی جیددی کار لەسەر پاراستنی ماف و گەیاندنی دەنگی بەندکراوانی سیاسیی کورد بکەن و لەکۆتاییدا بەرپرسی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان، دوو کتێب بەناوەکانی “زیندانبەزێنەکان و دیرۆکی خۆڕاگری” پێشکەش بە کۆمکاری زیندانییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە لەو کتێبانەدا باس لە ژیان و بەسەرهاتی کۆمەڵێک بەندکراوی سیاسیی دەکرێت.