بەندکراوێکی سیاسی کورد حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا

بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی کامیاران حوکمی سێدارە و بەندکراوێکی دیکەش حوکمی ٢٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو“حەیدەر قوربانی” بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامیاران کە پێشتر حوکمی ١١٨ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو لەلایەن دادگوستەری شاری سنەوە بۆ حوکمی سێدارە گۆڕدرا.

هەروەها “مەحمود سادقی” ژنبرای حەیدەر قوربانی کە پێشتر حکومی ٤٠ ساڵ و ٦ مانگی بەسەردا سەپێندرابوو، حوکمەکەی بۆ ٢٥ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.

ئەو حوکمە بە تۆمەتی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات بەسەر ئەو دوو کەسەدا سەپێندراوە و ئەمڕۆ سێ شەممە ٨ی رێبەندانی ٢٧١٩(٢٨ی ژانویەی ٢٠٢٠) لە بەندیخانەی شاری سنە بەو دوو بەندکراوە ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕەزبەڕی ٢٧١٩ (٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩)، لقی یەکی دادگای تاوانەکانی پارێزگای سنە، ئەو دوو هاووڵاتییەی بە ١١٨ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و ٤٠ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران مەحکووم کردبوو.

حەیدەر قوربانی  بە چەند تۆمەتی جیاواز حوکمی ١١٨ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و لێدانی ٢٠٠ قامچی بەسەردا سەپاوە.

ناوبراو بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی سێ ئەندامی سپا بە ناوەکانی (محەمەد شاهۆ کەریمیان، جەبار ئیبراهیمی و سدیق ئەمین) سێ حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

حەیدەر قوربانی بە تۆمەتی کڕین و بەکارهێنانی دوو ئۆتۆمبێلی دزراوی جۆری پژۆ ٤٠٥ دوو حوکمی ٤ ساڵ بەندکران و لێدانی ٢٠٠ قامچی  بە سەردا سەپاوە.

دوو حوکمی بەندکرانی ١٥ مانگی بە تۆمەتی بەکارهێنانی دوو پلاکی ئۆتۆمبێل بۆ ئەو دوو پژۆیە.

سەپاندنی حوکمی ٦ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ڕفاندنی محەمەد ساڵح سابری.

سێ حوکمی ٤ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی هەوڵدان و هاوکاری سێ پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بە ناوەکانی (کەماڵ قوبادی، سەعدی محمەدی و سەلاح ڕەحمانی) بۆ دەربازبوون.

مەحموود سادقی ژن برای حەیدەر کە یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارانی ئەم کەیسەیە، بە چەند تۆمەتی جیا سەرجەم حوکمی ٤٠ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و لێدانی ٢٠٠ قامچی بەسەردا سەپاوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران بە ناوی (محەمەد شاهۆ کەریمیان) سێ حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

بە تۆمەتی کڕین و بەکارهێنانی دوو ئۆتۆمبێلی دزراوی جۆری پژۆ ٤٠٥ دوو حوکمی ٤ ساڵ بەندکران و لێدانی ٢٠٠ قامچی  بە سەردا سەپاوە.

دوو حوکمی بەندکرانی ١٥ مانگی بە تۆمەتی بەکارهێنانی دوو پلاکی ئۆتۆمبێل بۆ ئەو دوو پژۆیە.

حەیدەر قوربانی و مەحموود سادقی کە خەڵکی گوندی بزوەش سەر بە شاری کامیارانن ٣ ساڵ پێش دەستبەسەر و لەوکاتەوە لە بەندیخانەی شاری سنە ڕاگیراون.

حکوومەتی ئێران دوو ساڵ پێش لە یەکێک لە کاناڵەکانی خۆی بە ناوی (پرێس تی وی) کە کاناڵێکی ئینگلیزی زمانە، فیلمێکی لە دانپێدانانی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی کورد بلاو کردەوە.

بە وتەی نزیکانی ناوبراو، حەیدەر قوربانی لە ژێر ئەشکەنجەی نامرۆڤانە، ناچار بەو دانپێدانانە بووە و ناچار کراوە کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران وە ئەستۆی خۆی بگرێت.

لەو فیلمە ٢٠ خولەکیەدا، تۆمەتبار لە پێش بنەماڵەی ئەو کوژراوانە کە سەر بە حکومەتی ئێرانن، دانێشتووە و دان بە کوشتنیان دەنێت.