زارا محەمەدی دوای ٦ مانگ بەندکران بە بارمتە ئازاد بوو

زارا محەمەدی، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کورد لە شاری سنە دوای ٦ مانگ بەندکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد بوو.

ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەزی ٢٧١٩ (٢ی دێسامبری ٢٠١٩)، زارا محەمەدی، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی کە هاوکات بەرپرسی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەلایەتی نۆژین لە پارێزگای سنەیە، بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بە پێی ئەو هەواڵانە ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران تۆمەتی هاوکاری لەگەل حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێرانیان خستووەتە پاڵ زارا محەمەدی.

زارا محەمەدی، ڕۆژی پێنج شەممە (٢ی جۆزەردانی ٢٧١٩ ( ٢٣ی مەی ٢٠١٩) دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیان کوتایە سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا. زارا تەمەن ٢٨ ساڵ و لەدایکبووی گوندی سەراوڵەی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنەیە و بڕوانامەی کارناسی باڵای ژئۆپۆلۆتیکی لە زانکۆی بیرجەند وەرگرتووە.

ئەو چالاکە مەدەنییە ماوەی ١٠ ساڵە کە لە گوندەکانی دەورووبەری سنە و ناو شاری سنە وانەی کوردی دەڵێتەوە و ٦ ساڵ پێش یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی وەژین بووە و دواتر بە کۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوە وەکوو سەرۆکی ڕێکخراو هەڵبژێردراوە.

ئەنجومەنی نۆژین یەکێک لە ئەنجومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکانی پارێزگای سنەیە کە لە چەند شاری ئەو پارێزگایە وەکوو سنە، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکی دەکات.