بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی هێرانا، “ئەسکەندەر ڕەوەندی” خەڵکی ورمێ دوێنێ سێشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و وێڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیران و هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەسکەندەر لەبەردەستدا نییە.
پێویستە بگوترێ کە ئەو لاوە کوردە پێشتر ٣جار لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەرکرابوو، هەروەها پێویستە بگوترێ کە ناوبراو بەڕێوەبەری کەناڵێکی تێلگرامییە کە لە پاش هێرشی تورکیە بۆسەر ڕۆژاوای کوردستان هەواڵ و زانیاری لەسەر ئەو بابەتەو دژ بە تورکیە بڵاو دەکردەوە.
شایانی باسە کە لە ماوەی هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان خەڵکی ڕۆژهەڵات لە زۆربەی شارەکان ڕژانە سەرشەقام و ناڕەزایەتی خۆیانییان دەربڕی کە هەرلەو پێوەندییەدا دەیان کەس لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کراون کە دواترینیان “عەبدولڕەحمان کوردی، کاوە ڕەسووڵی و هادی محەممەدی” لە شارەکانی شنۆ و بانەن کە ڕۆژی سێشەممە دەسبەسەرکراون.