ڕاگواستنی زیندانییەکی سیاسی کورد بۆ بەندیخانەی ورمێ

هاونیشتمانیەکی خەڵکی بۆکان بە ناوی “سەید مستەفا مستەفەوی” کە لە ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوییدا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرابوو، دوای ٢٧ ڕۆژ لێکۆڵینەوە لە بەندی تاکەکەسی زیندانی ئیدارەی ئیتلاعات، ڕۆژی ١٢ی بەفرانبار گوزرایەوە بۆ زیندانی شاری ورمێ.
ناوبراو بە تۆمەتی هاوکاریی لە گەڵ یەکێک لە حیزبەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران خراوەتە بەندیخانە و ئێستا لە بەندی ٣ و ٤ ی بەندیخانەی ورمێ دا زیندانی کراوە.
گرتن و دەسبەسەر کردنی ڕۆڵەکانی کورد بە شێوەیەکی سیستماتیک هەر درێژەی هەیە و ڕۆژ نییە کە چەند کەس دەسبەسەر نەکرێن و بە تۆمەتی جۆراوجۆر نەخرێنە بەندیخانەکانی ڕێژیم. ترس و دڵەڕواکێ هەموو دامودەزگاکانی ڕێژیمی داگرتووە و بەو ئامانجە کە پێش لە خۆپێشاندان و خرۆشانی خەڵک بگرن، هەر ڕۆژە بە بیانوویەک چالاکان دەسبەسەر دەکرێن، ئازار و ئەشکەنجەیان دەدەن و بە تۆمەتی ناڕەوا حوکمی بەند کردن و لە سێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنن.