هەوڵی تێکدانی دێموگرافیای شارە گرینگەکانی کوردستان بەردەوامە

یەکێک لە ڕێگاکانی بەربەرەکانی حکوومەتی ناوەندنی لە گەڵ خەڵکی کورد، شێواندن و تێکدانی دێموگرافی شارەکانی کوردستانە.
لە نوێترین زانیاریی کە بڵاوکراوەتەوە حکوومەتی ناوەندی لە ڕێگای سپای پاسدارانەوە لە هەوڵێکی ژێرپێستیدا خەریکی گۆڕینی دێموگرافی شارەکانی کوردستانەو دوای شاری نەغەدە و ورمێ، ئێستاکە دیانهەوێ لە سەر دێموگرافی شاری گرینگی مەهاباد کاریگەریی دابنن.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە بۆ ڕاکشاندنی خەڵکی غەیرە کورد و نیشتەجێ کردنیان لە شاری مەهاباد بەشێکی زۆر لە زەوییەکانی “مەسکەنی مێهر” بە خۆڕایی دراوە بە خزم و کەسی ئەو بەرپرسانە کە تورکن و خەڵکی پارێزگای تەورێز و شارە تورکەکانی دیکەی ئێرانن.
هەروەها چەند هاونیشتمانییەک وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایانگەیاند؛
کە تەواوی زەوییەکانی “پشت بیمارستان” کە بەشی “هیلالی ئەحمەر”ی شاری مەهابادە، بەسەر خەڵکی تورک دابەش‌کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتێک کە بەدەستمان گەیشتووە، “تەعاونی مەسکەنی مێهری ژمارە ۲” کە خاوەندارێتی زەوییەکانی خەزایی دەکا، لە بەر ئەوەی کارەکانی لە ڕووی یاساییەوە بێ کێشە بێت ، پەنای بۆ قازیی‌پوور نوێنەری تورکی شاری ورمێ بردوەو، دەستی ئەویشی تێدا بۆ تێکدانی دێموگرافی شاری مەهاباد.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆڕتەدا هاتووە لە ئەگەری بەخشینی زەوییەکانی خەزایی کە لکێندراون بە بەشێک لە ناوچەی شاروێرانی مەهابادەوە، بە تورک کردنی ئەو ناوچەیە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دێموگرافی ناوچەی مەهاباد.
هەروەها دەگوترێ فەرماندەی سپای پاسداران و قازییەکانی دادگای ئینقلاب لە مەهاباد، چەندین هێکتار لە زەوییەکانی، پەیامی نوور، گومرگ و …. کڕیوە و خەریکی فرۆشتنیانن بە غەیرە کوردەکان و هێنانی تورک بۆ شاری مەهاباد.
شیاوی باسە ساڵی ڕابردووش هەواڵێکی هاوشێوە لە شاری سنەش بڵاوکرایەوە کە ڕێژیم لە ڕێگای کرین وفرۆشتنی زەوی و زارەوە، خەریکی تێکدانی دێموگرافی ئەو شارەیە.