دەسبەسەرکرانی چالاکانی مەدەنی لە مەشهەد

١٠کەس لە چالاکانی مەدەنی لە شاری مەشهەد دەسبەسەرکران
کەماڵ جەعفەری یەزدی،یەکێک لە واژۆکەرانی دەسلەکارکێشانەوەی خامنەیی و کۆماری ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ گەلاوێژی ٩٨ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لە گەڵ ڕادیۆ فەردا هەواڵی دەسبەسەرکردنی ١٠ کەس لەوانەی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە حوکمی ١٣ساڵ زیندان بۆ کەماڵ جەعفەری یەزدی لە بەردەم دادگای ڕێژیم لە مەشهەد کۆببوونەوە ڕاگەیاند .
جەعفەری یەزدی، لە کاتی بردنی بۆ دادگا ئەم هەواڵانەی ڕاگەیاند.
بەوتەی ناوبراو “فاتمە سپێهری،پووران نازمی،هاشم خواستارو محەممەد نووریزاد “چوارکەس لەوانەن کە دەسبەسەرکراون.
ماڵپەڕەکانی دیکەش ناوی” جەواد لەعل محەممەدی،محەممەدحسەین سپێهری،عەبدولڕەسووڵ مۆرتەزەوی ،حووریە فەرەجزادە ونەرگس مەنسووری”وەکوو پێنج کەسی دیکە لە دەسبەسەرکراوەکان ڕاگەیاند.
میدیاکانی ڕێژیم تۆمەتی تێکدانی ئاسایش و پەیوەندی لە گەڵ دژبەرانی ڕێژیمیان داوەتە پاڵ دەسبەسەرکراوان .
شایەنی باسە کە ١٤کەس لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی و کەسانی ناسراوی ئێرانی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ واتە ٩٨ی هەتاوی بەیاننامەیەکیان واژۆکرد و خوازیاری دەسلەکارکێشانەوەی خامنەیی و نەمانی کۆماری ئیسلامی بوون، کە دواتر کەسانی دیکەش پێشوازییان لەو داوایە کرد، لەوانە ١٤ مامۆستا و ١٤ چالاکی ژن کە کەوتنە بەر هەڕەشەو لێدان و زیندانیکردن و فشاربۆ سەر بنەماڵەکانیان.
ئەندامانی ئەم بەیاننامەیە ڕایانگەیاندووە کە تا گەیشتن بە داواکانیان لە چالاکی بەردەوام دەبن و زیندان و هەڕەشەو تەنانەت مەرگیش نایانترسێنێ.
جێی‌ئاماژەیە کە سیرووس عەباسی چالاکی کوردی خەڵکی دێولان لەم ڕۆژانەدا بەهۆی ڕەخنەگرتن لە خامنەیی و دۆخی ژیانی خەڵک دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرا و چارەنووسی نادیارە.