نیگەرانیی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ناڕوونیی چارەنووسی سێ ئەندامی “نۆژین”

سێ ئەندامی ئەنجوومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نۆژین کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکراون چارەنووسیان ناڕوونە.
زارا محەممەدی، سیروان ئیبراهیمی، منەت ڕەحمانی سێ چالاکی مەدەنی کە دەسبەسەرکراون، سەرەڕای بەداواداچوونەکان چارەنووسیان ناڕوونەو، ناوەندە ئەمنییەکان وڵامدەر نین.

٥٩ڕۆژ لە دەسبەسەری و ناڕوونیی چارەنووسی “زارا محەممەدی” تێدەپەڕێت
“زارا محەممەدی”، خەڵکی شاری سنە و مامۆستای زمانی کوردییە و پاش ٥٩ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتەوە، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە.
“زارا محەممەدی”، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، لەگەڵ دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی “ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری”، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
سەرەڕای تێپەڕانی ٥٩ ڕۆژ، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی “نۆژین”، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و لە زیندانی سنەدایە.
پێشتریش، بنەماڵەی ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی، لە بەیاننامەیەکدا پێداگرییان لەسەر بێتاوانیی “زارا محەممەدی” کردبوو و ڕایانگەیاندبوو کە “هێشتا هۆکاری گیران و هەروەها چ چارەنووسێک لە چاوەڕوانیی ناوبراودایە، ڕانەگەیەندراوە”.
هەروەها ماوەیەکی پێش، خوشکی “زارا محەممەدی”، لە فەیسبووکی کەسیی خۆیدا، نووسیبووی: “دەسبەسەرکردنی نایاسایی و بێ پاساو، ٤٠ ڕۆژە کە بۆ زارا و بنەماڵەکەی، هەر کات و هەر کاتژمێرێکی، پڕ لە ڕەنج و چاوەڕانییە”.
ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی جۆزەردان، دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی “ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری”، خەڵکی سنە و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی نۆژین، ئازاد کران و “زارا محەمەدی”، ئەندامی ‌تری دەسبەسەرکراوی ئەم ئەنجومەنە، هێشتا لە گرتنگەدایە.
بەشێک لە چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی بە نیگەرانییەوە باسی دۆخی ئەو سێ ئەندامی نۆژینە دەکەن و ڕایانگەیاندوە ؛زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین لەڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردانی ١٣٩٨وە لە زێنداندایە و هەروەها دوو ئەندامی دیکەی ئەو ئەنجوومەنەش زیاتر لە سێ حەوتەیە چارەنووسیان ناڕوونە.