بەرپرسی لقی ئەنجومەنی “نۆژین” لە کامیاران دەسبەسەر کرا

بەرپرسی لقی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی “نۆژین” لە شاری کامیاران، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی پووشپەڕ، “سیروان ئیبراهیمی”، بەرپرسی لقی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی “نۆژین” لە شاری کامیاران، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا، نییە.

دەسبەسەرکردنی ئەم چالاکە مەدەنییە، بەبێ بەڵگەی یاسایی بووە و هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئیبراهیمی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، بێئاکام ماوەتەوە.

ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی “نۆژین”، لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری ناڕوونیی چارەنووسی “سیروان ئیبراهیمی”، بەیاننامە بڵاو دەکەنەوە.

هەروەها، ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی پووشپەڕ، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش هێرشکردنە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “منەت ڕەحمانی”، خەڵکی گوندی “لۆن ساداتـ”ـی شاری کامیاران و پاش دەسبەسەرکردنی، ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، وەکوو مامۆستای زمانی کوردی خەریکی فێرکردنی زمانی کوردی لە گوندەکانی کامیاراندا بووە.

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی جۆزەردان، دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی “ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری”، خەڵکی سنە و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی نۆژین، ئازاد کران و “زارا محەمەدی”، ئەندامی تری دەسبەسەرکراوی ئەم ئەنجومەنە، هێشتا لە گرتنگەدایە.