چالاکانی مەدەنی، دەسبەسەرکراوانی دژ بە توندوتیژی دژی ژنانیان مەحکووم کرد

کۆمەڵیک لە چالاکانی مەدەنی ناڕەزایەتی خۆیان لەهەمبەر دەسبەسەرکردنی ئەو کەسانە دەربڕی کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دژ بە توندوتیژی دژی ژنان، ڕێپێوانیان ئەنجام‌دابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردستان، هەشت ئەنجوومەنی فەرهەنگی، مەدەنی و کرێکاریی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەسبەسەرکران و هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکانیان مەحکووم کرد کە دژ بە توندوتیژی دەرهەق بە ژنان ڕێپێوانێکی هێمنانەیان وەڕێخستبوو و ئەو هەڵسوکەوتەی هیزە ئەمنیەکانیان بە دژایەتی لە گەڵ قانوونی ئەساسی ئێران ناوبرد و خوازیاری لێکۆڵینەوە لەو کردەوەی ئەو هێزانە بوون.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، بە دوای بانگەوازی گشتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی بۆ مەحکوومکردنی توندوتیژی بنەماڵەیی و بە تایبەت توندوتیژی دژ بە ژنان ویستیان بچنە گۆڕستانی “کۆڵان”ی مەریوان بۆ سەر گۆڕی یەکێک لە قوربانیانی دەستی توندوتیژی کە هێزە ئەمنییەکان پێشیان لە بەڕێوەچوونی ڕێورەسمەکە گرت و چەند کەسێکیان دەسبەسەر کرد.
هێزە ئەمنییەکان دوور لە یاسا و ڕێساکان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بەشداران کرد و ویستیان بە زۆر تەلەفۆنەکانیان لێ بستێنن. لەبەرچاوی خەڵک یەکێک لە خۆپێشاندەرانیان بە ناوی محەممەد دانش ئەشکەنجە و ئەزیەت و ئازار دا کە لەگەڵ دژکردەوەی خەڵک بەروڕوو بوونەوە.
بەپێی یەکێک لە بەندەکانی قانوونی ئەساسی ئێران، لە ئەسڵی سی و هەشتەم دا هاتوە “هەر جۆرە ئەشکەنجەیەک بۆ دانپێدانان و وەرگرتنی زانیاری، بە زۆر شاهیدی پێدان، دانپێدانان و سوێند خواردن ئیزنی پێنادرێ و هیچ شەرعییەتێکی یاسایی نییە. پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بە هیج شێوەیەک هەقی ئەتکی حورمەت، ئەشکەنجە و ئازاری دەسبەسەرکراوانیان نییە”.
بە داخەوە ژن کوشتن و توندوتیژی ژنان لە نێو بنەماڵەکاندا بۆتە دیاردەیەکی دزێوی نێو کۆمەڵگەی ئێران و ساڵانە بەهۆی توندوتیژی و پێشیلکردنی مافی ئینسانەکان لە لایەن بنەماڵە و کەسوکاریانەوە شاهیدی مەرگی ئەو کەسانەیەن کە بێدەسەڵاتن و یاسا و ڕێسا ئینسانییەکان ژێر پێ دەنرێن.
ئەم دیاردەیە لە کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ و حکوومەتیش لەوبارەوە نەک هەر کەمتەرخەمە بەڵکوو خۆی بەشێکە لە هۆیەکانی ئەو دیاردە دزێوە و ڕۆژانە بەهۆی ئەزیەت و ئازار، لەبەرچاونەگرتنی مافە ئینسانییەکانی ژنان و زەبروزەنگ ژنانی کورد کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن.
چەند ساڵێکە کۆمەڵیک لە چالاکانی مەدەنی بۆ وشیارکردنەوەی خەڵک و پێشگیری لەو کردەوە و دیفاع لە مافەکانی ژنان کۆمەڵێک چالاکییان ئەنجامداوە و دەیانهەوێ خزمەتێک بە ژیان و ئینسانییەت و کۆمەڵگەی کوردەواری بکەن کە بەداخەوە حکوومەت وەک لێپرسراوی ڕەسمی و یەکەمی ئەو دیاردەیە نەک هەر هاوکار نییە و زەحمەتێک بەخۆی نادات و هیج پرۆژەیەکی بۆ کۆتاییهێنان بەو دیاردەیە نییە، بەڵکوو حکوومەت کۆسپێکی گەورەیە لەسەر ڕیگەی چالاکی چالاکوانانی مەدەنی و فەرهەنگی کە خۆبەخشانە دەیانهەوی خزمەتی کۆمەڵگە بکەن.
ئەو ئەنجوومەنانەی کە لە دەسبەسەرکراوانی مەریوانی پاڵپشتییان کردوە بریتین لە ؛
۱. کانون علمی فرهنگی ڕۆنان
۲. انجمن فرهنکی ادبی ڕۆجیار
۳. کانون صنفی معلمان کردستان-مریوان
۴. انجمن پیشگیری از اعتیاد ژیانەوە
۵. کانون سلامت ژین
۶. اتحادیە صنفی کارگران و استادکاران ساختمانی مریوان و سرواباد
۷. کانون فرهنگی هنری ڤەژین
٨. انجمن فرهنگی ادبی مریوان