ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی فەرهەنگی نۆژین لە پێوەندی لەگەڵ دەسبەسەرکرانی سێ کەس لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە

ئەنجوومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نۆژین لە ڕاگەیەندراوێكدا هەواڵی دەسبەسەرکرانی سێ کەس لە ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنەی پشتڕاست کردۆتەوەو داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە کە لە ڕۆڵەکانی خۆیان پشتیوانی بکەن.
لە بەشێک لە ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی نۆژین‌دا هاتووە
کە رۆژی پێنج‌شەممە ٢ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی سێ کەس لە ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە بە ناوەکانی زارا محەممەدی، ئیدریس منبەری، رێبوار منبەری کە لە لە بەڕێوەبەرانی ئەنجوومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نۆژینن بە هۆکاری ناڕوون لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکراون و دوای بەداوداچوونی زۆر بڕیارە ئەمرۆ شەممە ٤ی جۆزەردان هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو سێ چالاکە فەرهەنگییە ڕوون ببێتەوە.
جێی‌ئاماژەیە ئەنجوونی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نۆژین لە سەردەستی چالاکانی فەرهەنگی لە شاری سنە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٩١ی هەتاویی دامەزراوەو، چەند ساڵە بە کردنەوەی فێرگەی کوردی لە شارو گوندەکانی پارێزگای سنە، خزمەتێکی بەرچاوی بە زمان و ئەدەبی کوردی کردوە.
ئەنجوومەنی نۆژین جیا لە شاری سنە لە چەند شاری ئەو پارێزگایە وەکوو، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکی دەکا.
شایانی باسە ئیدریس منبەری دەرچووی ڕشتەی کۆمەڵناسی سیاسی و مامۆستای زمانی کوردییە، زارا محەممەدی دەرچووی ڕشتەی ژئۆپۆلێتیکە و مامۆستای زمانی کوردییە و هەروەها ڕێبوار منبەری لە بەڕێوەبەرانی ئەنجوومەن و مامۆستای زمانی کوردییە.