بەشێک لە چالاکانی مەدەنی وسیاسیی کورد داوا لە بەرزان محەممەدی دەکەن مانگرتنەکەی بشکێنێ

داواکاری چالاکانی سیاسی و مەدەنی، بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی لە “بەرزان موحەممەدی” بۆ شکاندنی مانگرتنەکەی لە بەندیخانەی فشافوویەی تاران.
لە دوای نیزیک بە ٦٠ ڕۆژ لە مانگرتنی بەرزان موحەممەدی زیندانی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی فشافوویە و تێکچوونی باری تەندروستی ئەو بەندکراوە کوردە، بەشێک لە چالاکانی مەدەنی وسیاسی بە دەرکردنی نامەیەکی سەرئاوەڵە خوازیاری ئەوەن کە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێ.
لە بەشێک لە نامەکەیاندا هاتووە بەرزان موحەممەدی کەسێکی باوەڕمەند بە ئازادییە و پێبەندە بە مافی ئینسانی تاکەکانی کۆمەڵگا. ناوبراو وەکوو سەدان زیندانی دیکە نابێ مافەکانی پێشێل بکرێ و ئیجازە بەوە نابێ بدرێ کە دایکێکی دیکە ڕەشپۆش ببێت.
لە بەشێکی دیکە لە نامەی چالاکانی مەدەنی و سیاسیدا هاتووە؛
کۆماری ئیسلامی لە درێژەی سیاسەت و هەڵاواردنەکانی لە سەر خەڵکی بێ تاوان و بەندکراوان، هەمیشە حوکمی قورسی بەسەر دەسبەسەرکراوانی کورد سەپاندوەو و بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی سەدان مرۆڤی بێ تاوانی ئازادیخواز.
ئەمجارە بەرزان موحەممەدی یەکێک لەو زیندانییە بێ تاوانانەیە کە بووەتە قوربانی سیاسەتە نەرێنییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و گیانی خۆی لەم پێناوەدا خستووتە مەترسییەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە بەرزان محەممەدی خەڵکی ئاوایی گۆشخانی سەربە شاری سەوڵاوا لە ناوچەی مەریوان، ڕۆژی هەینی ١٢ی گەلاوێژ لە پارکی “دانشجو”ی تاران لە کاتی خۆپێشاندانەکان، دەسبەسەرکرا و پاش ماوەیەک ئازارو ئەشکەنجە کردنی لە گرتووخانەکانی ئیتلاعات لە لایەن لقی ١٥ی دادگای “ئینقلاب”ی تاران بە حوکمی دادوەر سەڵواتی بە تاوانی “تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی” و “هەوڵدان بەدژی ڕێژیم” و “بەشداریی کردن لە خۆپێشاندانەکان” بە ٦ ساڵ زیندان سزا درا، کە دواتر لە دادگای پێداچوونەوە بۆ بە ٣ ساڵ و نیو.
ناوبراو لە هەمبەر دۆخی خراپی بەندیخانەی فشافوویە و هەروەها ئەوەی کە بۆ زیندانی ئێڤین یان زیندانی شاری مەریوان بیگوازنەوە، لە ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەمەی ٩٧ی هەتاوییەوە دەستی داوەتە مانگرتن.