دوو هاووڵاتیی کورد بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کران

دوو هاووڵاتیی خەڵکی ناوچەی مەڕگەوەڕ، لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری “ورمێ”وە، بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوودوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی “بێهزاد شاسواری” کوڕی میکائیل و “سیامەند شاسواری” کوڕی مستەفا، خەڵکی دزەی ناوچەی مەڕگەوەڕ، لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێ وە، هەر کامیان بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کران.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، پاش سەپاندنی حوکمی دادگا بە سەریاندا، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی لێکۆڵینەوەی دۆسیەکەیان لە دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ دا، ئازاد کران.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران”، تاوانبار کراون.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، سەرەتای مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٧، لە گومرۆکی حاجی عومەران، دەسبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ ڕاگوێزراون.
مەئموورانی بەشی حەراسەتی گومرۆکی حاجی عومەران، لە کاتی پشکنینی موبایلی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، دەسبەسەریان کردوون.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی لایەنگری و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبه کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران دەسبەسەر کردبوو.

سەرەتای مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٧، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە بە درێژکردنەوەی دەسبەسەرکردنیان بۆ ماوەی دوو مانگ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، بۆ زیندانی شاری نەغەدە ڕاگوێزرابوون.