بەردەوامی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی کەیوان ڕۆستەمی

خۆڕاگری: هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد”کەیوان ڕۆستەمی” کوڕی عەلی‌ئەکبەر تەمەن ٢٩ ساڵ خەڵکی گوندی مێراو سەر بە پاڕێزگای سنە پاش زیاتر لە ١٧٠ ڕۆژ دەستبەسەرکران تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەست دا نییە و چارەنووسی نادیارە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ماوەی ٦مانگ دەستبەسەرکرانی تەنیا یەکجار لە ڕێگای پێوەندی تەلێفوونی بنەماڵەکەی ئاگادار کردووتەوە کە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەروو کە بنەماڵەی کەیوان ڕۆستەمی چەندین جار بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی گرتنگە ئەمنییەکانی”سنە”یان کردووە بەڵام هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات  هەر جار پێیان ڕاگیراوە کە کوڕەکەتان لێرە نییە و هەر بەم هۆیەشەوە بنەماڵەی ناوبراو گوشارێکی دەروونی زۆریان لە سەرە.

کەیوان ڕۆستەمی سەڕەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە تا ئێستا بێسەروشوێنە و چارەنووسی ناروونە.