حوسێن ئەلوەندکوهی لە دادگای پێداچوونەوە سزای بەندکرانی کەم کرایەوە

خۆڕاگری: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دا بەندکراوێکی سیاسی کورد بە ناوی”حوسێن ئەلوەند کوهی” کوڕی عەزیز، خەڵکی شاری مەهاباد کە پێشتر سزای ١٠ساڵ و ١ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری بەسەر دا سەپێندرابوو،لە دادگای پێداچوونەوەی شۆڕشی مەهاباد بە ٧ساڵ و ١ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری کەم کرایەوە.

جێگای ئاماژەیە ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی لە لایەن لقی ٣ دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر غوڵام کەریم خانی بە تۆمەتی تێکهەڵچوونی چەکداری لەگەڵ سپای پاسداران سزای ١٠ساڵ و ١ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

حوسێن ئەلوەندکوهی مانگی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر و بۆ لێپێچینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئەو شارە کرا و دواتر دوایی کۆتایی ماوەی لێپێچینەوەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا بەڕێوەچوونی دادگایەکەی ئازاد کرابوو.