ئازادکرانی شەعبان محەممەدی بە دانانی بارمتەی لە بەندیخانەی ئێڤین

خۆڕاگری:  ڕۆژی شەممە ٢٩ی گەڵاوێژی١٤٠١ی هەتاوی  مامۆستا و ئەندامی بەڕێوبەری ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی کوردستان پاش زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٢میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی تا بەڕێوەچوونی دادگایەکەی لە بەندیخانەی ئێڤین ئازاد کرا.

ئیسکەندەر لووتفی لەگەڵ شەعبان محەممەدی و مەسعود نیکخاە ڕۆژی یەکشەممە١١ی بانەمەڕی١٤٠١ی هەتاوی لە ڕێگای سنە بۆ مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیلاعات دەستبەسەر و گوازرابوونەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئەو شارە هەمان ڕۆژ شەعبان محەممەدی بە وەڕگرتنی بەڵێننامە ئازاد و سەر لە نوێ ڕۆژی چوارشەممە٢١ی بانەمەڕ لە کاتی هاتنەدەرێ لە ماڵی خۆی لە گەرەکی”باوەڕەشی”مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرایەوە.

ڕۆژی شەممە١٤ی جۆزەردانی١٤٠١ی هەتاوی شەعبان محەممەدی و ئیسکەندەر لووتفی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی سنە گوازرابوونەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین.

جێگای ئاماژەیە ئیسکەندەر لووتفی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی گەڵاوێژ بە دانانی بارمتەی ٢میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

شایانی باسە شەعبان محەممەدی ڕۆژی یەکشەممە٢٦ی جۆزەردان کە بۆ یەکەمجار ئیزنی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی پێدرابوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئیجبار کرابوو لەگەڵ بنەماڵەکەی بە زمانی فارسی قسە بکات و ناوبراو بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاند کە هۆکاری دەستبەسەر کران و لێکۆلینەوەکانی هێزە ئەمنییەکان پێوەندی بە دوو مامۆستای فەرانسەوی هەیە.