“دادپەروەری” و “دەزگای داد”ی ئێران

عومەر باڵەکی

لەو کاتەوە کە مرۆڤ ژیانی بەکۆمەڵی هەڵبژاردوە بە دوای یەکسانی و دادپەروەریدا وێڵە، بە واتایەکی دیکە کاتێک کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی دروست بوون، بە هۆکاری جۆراوجۆر تاوان و تاوانکاریش سەری هەڵدا و لایەنی زیان وێکەوتوو بە دوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی خۆیاندا بوون. هەربۆیە دادوەر و دادگاکان لە شکڵ و وێنەی جۆراوجۆر و لە شوێنە جیاوازەکانی گۆی زەوی کە مرۆڤی تێدا ژیابێ، سەریان هەڵدا و بە تێپەڕبوونی کات و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا سیستمی دادوەری و دادگاکان ئالۆگۆڕیان بەسەردا هات و، زیاتر و زیاتر کەوتوونەتە خزمەتی خەڵکی خۆیان.
لە سەردەمی ئێستاشدا و لە وڵاتانی پێشکەوتووی دنیا کە بە سیستمی دێموکراسی بەڕێوە دەچن قانوون هەم لە خزمەتی خەڵکی دایە و، هەم لە لایەن خەڵکەوە ڕێز لە قانوون و دادوەر و دادگا دەگیرێ. ئەوەش هەروا بە خۆڕایی و بە ئاسانی دروست نەبووە، بەڵکوو لە ڕەوتی مێژوودا خەڵکانی ئەو وڵاتانە گەیشتوونە ئەو تێگەیشتنە کە بۆ نەزمی کۆمەڵگەیان کە لەوێدا حەق بەحەقدار بگا و هیچ کەس و لایەنێک لە هەر پۆست و پلەیەکی نیزامی و سیاسیدا نەتوانێ زوڵم لە خەڵک بکا؛ بۆ ئەو مەبەستە پێویستیان بە ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی لە نێو خۆیاندا هەیە کە ئەویش لە قانوونە نووسراوەکاندا خۆی نواندووە.
هەر وەکی باس کرا لەو وڵاتانەی کە بەشێوەی دێموکراتیک ئیدارە دەکرێن و، دستاودەستی دەسەڵاتیان تێدایە هەرکاتێک کێشە و ناکۆکییەک بکەوێتە نێوان لایەنە سیاسییەکان کە لە سەر وەدەستخستنی دەسەڵات کێبەرکێیانە، پەنا دەبەنە بەر دەزگای قەزایی وڵاتەکەیان و بڕیاری دەزگای دادیش بۆ لایەنەکان پەسەند و جێگای ڕێزە. بەڵام لە ئەو وڵاتانەی کە بە سیستمی نادێموکراتیک بەڕێوە دەچن و دەنگی خەڵک هیچ کاریگەرییەکی لە سەر کار و کردەوەکانی دەسەڵات نییە، دەزگای قەزایی لە خزمەتی دەسەڵاتداران دایە و، هەموو قانوونەکان وا دادەڕێژڕێن کە بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران بپارێزن و ئێران یەک لەو وڵاتانە و کۆماری ئیسلامییش یەکێک لەو ڕێژیمانەیە. دەزگای قەزایی ئەم ڕێژیمە تەنیا لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی نیزامی سیاسی دایە و، لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا هەر بە پاساوی قانوونەکانیان! بەرهەڵستی جیابیرانی خۆیان بوونەتەوە و لێیان داون.
کاتێک باس لە دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی دەکرێ دەبینین، دەزگای دادیش هەر وەک نیزامە سیاسییەکە بابەتێکی هاڵۆزە. لە لایەک لە تەنیشت دەوڵەت و مەجلیس ئەویش وەک دەزگایەکی سەربەخۆ پێناسە دەکرێ و سەرۆکەکەی لە لایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و بۆ ماوەی پێنچ ساڵ دەستنیشان دەکرێ؛ بەڵام کە دەکەوێتە خانەی جێبەجیکردنەوە، ناڕێکی و ناهاوسەنگییەکان دەردەکەون. بۆ نمونە لە دەزگای بەڕێوەبەری (دەوڵەت)دا وەزیری داد هەیە، بەڵام سەڵاحییەتی دیاریکردن و پێشنیارکردنی بە مەجلیس بۆ پێدانی دەنگی متمانە بە سەرۆکی دەزگای دادە. بەپێی ئەسڵی ١٦٠ی قانوونی بنەڕەتیی ئێران وەزیری داد ڕابیتی نێوان دەزگاکانی داد و بەڕێوەبەری و قانوون دانانە و، لە ڕاستیدا چ بە کردار و چ بە قانوون وەزیری داد هیچ دەسەڵاتێکی نییە؛ بەڵام بە جێگای سەرۆکی دەزگای داد دەبێ لە مەجلیسدا وڵامدەر بێ!
ئەوەی لەو پێشەکییەدا باسمان کرد بۆ ئەو مەبەستە بوو کە وێنایەکی هەر چەندە کورتیش بێ لە دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی بکەین. بەتایبەتی کە ئەو ڕۆژانە بەهۆی دیاریکردنی ئیبراهیم ڕەییسی لە لایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە بۆ سەرۆکایەتیی دەزگای داد؛ ئەو بابەتە بۆتە ڕۆژەڤی میدیاکان. لەبەر ئەوەی کە ئیبراهیم ڕەییسی کەسێکی بکوژە و ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە کوشتار و ئیعدامەکانی ساڵی ٦٧ی هەتاوی و، تەنانەت باس لەو دانپێدانانەی ناوبروا و هاوکارانی دەکەن کە لە لای مونتەزیری کردوویانە. هەروەها باس لەوە دەکرێ کە ئەوان دەسەڵاتیان نەبووە و تەنیا حوکمی ڕێبەریان جێبەجی کردووە. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین ئیبراهیم ڕەییسی هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ سەرۆکەکانی دیکەی دەزگای داد کە پێش لە وی بەرپرسیارەتیی ئەو دەزگایەیان لە ئەستۆ بووە. چونکە سیستمی کۆماری ئیسلامی وا داڕێژراوە کە هەموو قانوونەکان لە بەرژەوەندی و پاراستنی ئەو نیزامەدا بێ.
ئەگەر بڕوانینە قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە سەرچاوەی هەموو قانوونەکانی ئەو نیزامەیە بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە، قانوونەکانی ئەو سیستمە سیاسییە لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی لە نێو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران و دەسەڵاتدا نەنووسراوە بەڵکوو قانووندانەران، قانوونەکانیان لە بەرژەوندیی ئیدۆلۆژییەکی تایبەتدا نووسیوە کە لە هیچ بڕگەیەکی زەمانیدا ناتوانرێ بە قازانجی خەڵک ئاڵۆگۆڕیان بەسەردا بێ. لە وڵاتانی پێشکەوتوو قانوون لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی خەڵک وکۆمەڵگە دایە، هەر بۆیە خەڵکیش ڕێز لە قانوون و بەڕێوەبەرانی قانوون دەگرن. بەڵام لە ئێراندا قانوون بەجێی ئەوەی لە خزمەتی خەڵکدا بێ، بۆتە مۆتەکەی گیان و ژیانی خەڵک. وە چونکی قانوون لە خزمەت خەڵکدا نییە، خەڵکیش لە بەرامبەردا ڕێز لە قانوون ناگرن و لەو سۆنگەیەشە کە ڕۆژ بە ڕۆژ تاوان و تاوانکاری لە ئێراندا ڕوو لە زیاد بوونە.
کاری دادوەری، هەر لە ناوەکەیەوە دیارە کە کارێکی دژوار و گران و لە چ لە بواری زانستی قانوون و چ لە ڕووی ویژدان و هەستی ئینسانییەوە هەستیارە. زۆربەی ئەو کەسانەی ئەو بەشە لە خوێندن لە زانستگا هەڵدەبژێرن ئاواتی ئەوەیان لە سەر دایە کە لەو ڕێگایەوە بەرگری لە مافەکانی تاک و کۆی کۆمەڵگە بکەن و لە ڕێگای مادە و بڕگەکانی قانوونەوە حەق بە حەقدار بگەیەنن و، لە هەمان کاتدا پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی باش بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن. لە هەموو دنیادا بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە قانوون تێیاندا سەروەرە دادوەرەکان پلەی جیاوازیان هەیە و لەسەر بنەمای بەڵگەکانی خوێندن و پێشینەی کار وچالاکی لێکۆڵینەوە لە بواری قانوونییەوە شوێن و ڕادەی پلەی بەرپرسایەتییان بۆ دیاری دەکرێ.
بەڵام ئەگەر لەو گۆشەنیگایەوە بڕوانینە مێژووی چل ساڵەی کۆماری ئیسلامی، بەڕێوەبەرانی دەزگای قەزایی ئەو سیستمە؛ بەپێی قانوونی بنەڕەتیی ئێران، ئەسڵی (٥٧) لە لایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە لە نێو کەسانێکدا دەستنیشان دەکرێن کە لە هیچ زانستگەیەک کە زانستی قانوونی تێدا بخوێندرێ دەرسیان نەخوێندووە، بەڵکوو تەنیا لە حەوزەکانی دینی کە زانستی ئایینی ومەزهەبی تێدا دەخوێندرێ پێ گەیشتوون. بەڵام ئەو زانستەی ئەوان لە سەردەمی ئێستادا کە سەردەمی پێشکەوتنی زانستی جۆراوجۆرە و دەیان ناکۆکی و کێشە لە نێو دەوڵەتەکان لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگە و تاک و دەسەڵات لەسەر بەرژەوەندییەکان و زەرەرمەندبوونی لێ دەکەوێتەوە، دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی دەبێ چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە بەڵام بە کردار دەبینین دەزگای قەزایی لە تەواوەتی خۆیدا گەلێ جار دادەمێنێ و ئەوە ڕێبەرە کە بە حوکمی حکوومەتی و لە بەرژەوەندیی نیزام و دەسەڵاتداریی خۆیدا، کێشەکان یەکلا دەکاتەوە. چونکە هەروەکی گوترا قانوونەکان لەسەر بنەمای ئیدۆلۆژیی مەزهەبی داڕێژراون و بەڕێوەبەریی دەزگای قەزایی وەک لووتکەی دەسەڵاتی دادوەری نائاشنایە لەگەڵ پێداوێستییەکانی کۆمەڵگە و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سەردەمی ئێستادا.
دیاریکردنی ئیبراهیمی ڕەییسی هەر وەکی پێشتر باسمان کرد چ جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ کەسانی پێش خۆی تەنیا ئەوە نەبێ، کە ئەگەر بە پێوەرە جیهانییەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ بیپێوین. ناوبراو هەر لە سەرەتای کاری دادوەریی خۆیدا کەسێکی شیاوی ئەو پۆستە نەبووە، چونکە کاتێک بۆ یەکەم جار پۆستی قەزاوەتی پێ سپێردراوە تەمەنی ٢٠ساڵ بووە و، تەنیا خوێندنی حەوزەویی دینی هەبووە کە هەم تەمەنەکە بۆ ئەوە نابێ کاری قەزاوەت و دادوەری پێی بسپێری و هەم نائاشنا بە قانوونەکانی وڵات بووە. هەر بۆیە لە ماوەی تەمەنی خۆیدا کە لە پۆستی جۆراوجۆری دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی کاری کردوە، بەپێی دانپێدانانی خۆی بە تایبەتی لە جەریانی ئیعدامەکانی ساڵی ٦٧ فەرمانی سەرەوەی خۆی جێبەجێ کردووە، نەک دادپەروەری؛ چونکە بەشێکی زۆری ئەوانەی لەو ساڵەدا ئیعدام کراون پێشتر حوکمی زیندانیان بۆ بڕابۆوە و، لە هەموو دنیادا وا باوە ئەو کەسەی لە دادگایەک حوکم دەدرێ و حوکمەکەی یەکلا دەبێتەوە جارێکی دیکە حوکمێکی دیکەی بەسەردا جێبەجێ ناکرێ. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین ئیبراهیم ڕەییسی و هاودەستەکانی جینایەتکارن، هەروەکی ئایەتوڵڵا مونتەزیری لە دانیشتن لەگەڵیان پێیان دەڵێ لە داهاتوودا ئێوە بەناوی جینایەتکارانی مێژوو دەناسرێن و باستان دەکرێ. بۆیە دەستنیشانکردنی ڕەییسی هەروەک هاوکارانی پێشووی خۆی بۆ ئیسلاح و چاکسازیی نیزامی قەزایی ئێران نییە، بەڵکوو بۆ زیاتر بە ئەمنیەتی کردنی نێوخۆی ئێران و بۆ چاوترسێن کردنی زیاتری خەڵکی ئێرانە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین دادپەروەری هەر مانایەکی هەبێ و بە هەر جۆر و لەژێر هەر ئیدە و ڕوانگەیەکەوە تەفسیر بکرێ دیسان لەگەڵ جینایەت یەک ناگرێتەوە و؛ دیاریکردنی جینایەتکار بە سەرۆکی دەزگای داد مانای وایە تاوانلێکراو مافخوراوە و لە سووچی زیندانە.