ڕێباز ئازەرپوور
ئەمن ناوم ڕێباز ئازەرپوورە و لەدایکبووی ۱ی خاکەلێوەی ساڵی ۱۳۵۸ی هەتاوی لە شاری مەهابادم. لە هەڕەتی لاوەتیدا بوومە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە ڕێکەوتی ۴ی ڕێبەندانی ساڵی ۱۳۷۸ی هەتاویدا بە تاوانی! هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوان چوارچرا و مەیدانی ئارد لە شاری مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات و شەخسی ئیلهامی “لێکۆڵەری تایبەت بە سیاسییە کوردەکان” قۆڵبەست کرام.
ئەمن دوای گیرانم ماوەی ۳ مانگ لە زیندانی ئینفڕادیی ئیتلاعاتی مەهاباد بووم و، هەروەها ماوەی ۱۵ مانگیش لە گرتووخانەی مەهاباد بەند کرام و دوو مانگیش بۆ گرتووخانەی ناوەندیی تەورێز دوور خرامەوە.
دوای قۆناغی لێکۆڵینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعات، سەرەتا لە لایەن لقی ۴ی دادگای شۆڕش به بەڕێوەبەریی دادوەر “هیدایەتی” سزای ۴ ساڵ زیندانم بەسەردا سەپا و پاش دەربڕینی ناڕەزایەتی، ۲ ساڵیان لە حوکمەکەم کەم کردەوە.
ئێمە کۆمەڵێك لە لاوانی شاری مەهاباد، لە بۆنە نەتەوەییە جۆراوجۆرەکاندا بە هاوڕێیەتی لەگەڵ کەسایەتییەکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بەناوی “ب.گ” لە بڵاوکردنەوەی تڕاکت و وێنەی ڕێبەرانی شەهیدمان لە کۆڵان و گەڕەکەکانی شاردا ڕۆڵێکی بەرچاومان هەبوو و، هاوکات لە بەڕێوەبردن و سازماندانی ڕێپێوانەکانیشدا، لە شەقامە سەرەکییەکانی شار، بانگەشەمان بۆ ڕێپێوان و خۆپیشان دانەکان دەکرد. وا بوو کە ئێوارێی ڕۆژی ۴ی ڕێبەندانی ۱۳۷۸ کاتێ دەچووم بۆ لای هاوڕێیەکی حیزبی، لە نێوان چوارچرا و مەیدانی ئارد، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی مەهاباد، قۆڵپێچ کرام و بەرەو “بازداشتگای ئیتلاعات” ڕاگوێزرام.
لە گرتنگەی ئیتلاعات هەتا نیزیک دوو حەوتوو کەسێک لێی نەپرسیم و دوایە هەر بە لیباسی ژێرەوە بردیانم بۆ حەوشەی ئیتلاعات و ماوەی ۵ سەعات لە نێو بەفردا ڕایانگرتم و پاشان ئاوی گەرمیان بە لاق و لەشمدا کرد و بە چاو بەستراوی بەرەو ژووری لێکۆڵینەوەیان بردم. ماوەی ۳ مانگ بۆ وەرگرتنی ئیعتڕاف، ئەوەی بمبەن بۆ لێپێچینەوە لە دادگا، بە شێوەی جۆراوجۆری فیزیکی و ڕۆحی ئازار و ئەشکەنجە دەدرام. زۆر جارانیش لە ژووری لێکۆڵینەوە بە بێڕێزی کردن و وتنی هەندێک قسە کە لە جەرگی مرۆڤ کاری دەکرد، لە باری ڕۆحییەوە ئەشکەنجە دەگەیشتمە ئەو پەڕی ناخۆشی و ڕەنج کێشانەوە.
وەک باسم کرد پاش سێ مانگ ڕاگرتنم لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعات درام بە گرتووخانەی ناوەندیی مەهاباد. گرتووخانەکە لە ۶ بەند پێک هاتبوو، بەندی یەک هەتا چوار تایبەت بە پیاوان بوو و، بەندێکیش بۆ لاوان و یەکی دیش بۆ ژنان تەرخان کرابوو.
بەندییە سیاسییەکان زۆرینەیان لە نێو بەندی ۳ و لەوێشدا لە کووپەی ۳ و ۴ بوون.
کاتەکان زیاتر بە خوێندنەوەی کتێب ئەگەر لە کتێبخانەی زیندان کتێبێکی لێ با و وەگیر کەوتبا بۆ خوێندنەوە، تێ دەپەڕین و ئەگینا بە سازکردنی کاری دەستی، کاتەکانمان تێدەپەڕاند.
بەندییە سیاسییەکان بەبۆنەی بڕوای سیاسییان جێگای ڕێز بوون و هەندێ جاریش خەڵک بە فەخرەوە لەگەڵیان دادەنیشتن و شانازییان بە بەندییە سیاسییەکانەوە دەکرد. دەمەوێ بڵێم بەندییە سیاسییەکان هێمای مرۆڤایەتی بوون لە گرتووخانەدا و زۆر جارانیش ئەو بەندییە سیاسییانە کەیخودایەتیان بۆ بەندییەکانی تری گرتووخانە دەکرد و، کێشە و گرفتەکانیان بۆ چارەسەر دەکردن و هەر بەهۆی ئەو ئاکارە ڕێکوپێکانەیان بوو کە جێگە و پێگەیان لەنێو بەندییەکانی دیکەدا زۆر لە ئاستێکی بەرزدا بوو. جەوەکە جۆرێک بوو بەرپرسان نەیاندەوێرا خۆ لە قەرەی بەندییە سیاسییەکان بدەن، لەبەر ئەوەی هەر جارێک بە سەردان هاتبان یان نەماندەدواندن یا گەر قسەشمان کردبا ئەوە باسی بێعەداڵەتی دەزگای قەزایی ڕێژیممان دەکرد.
بەرپرسی ئەو کاتی گرتووخانەی ناوەندیی مەهاباد “محەممەد زادە” بوو کە سەر بە ئیتلاعاتی سپا بوو و تا بڵێی کەسێکی دژە کورد بوو. بەپێی یاسای بەندیخانەکان؛ بەرپرسان دەبوو هەر چەند مانگ جارێک هاتبانە نێو بەندەکان و لە نیزیکەوە لەتەک بەندییەکان چاوپێکەوتنیان کردبا. هەر بەو پێیە نیوەڕۆیەک بەرپرسی گرتووخانەی مەهاباد “محەممەدزادە” و بەرپرسی پێڕاگەیشتن بە بەندییەکان “کووسەلوو” و چەند بەرپرسێکی تر لە پارێزگای ورمێوە هاتبوون و ڕێیان لە بەندی سیاسییەکان کەوت. ئەو کات یەکێک لەو بەرپرسانە لە بەندییەکی سیاسی، بەناوی کاک “ک.خ” پرسی؛ ئێوە لە سەر چی گیراون و تاوانتان چییە؟
کاک “ک.خ” ڕووی لە بەرپرسەکە کرد و چاوی لە چاوانی بڕی و بە بوێرییەکی زۆرەوە گوتی لە سەر ویست و داخوازییە ڕەواکانی نەتەوەکەمان گیراوین و بەندیی سیاسین! ئەو بەرپرسە گوتی بۆ مەگەر ئێمە بەندیی سیاسیمان هەیە؟ کاک “ک.خ” لە وڵامدا فەرمووی بەڵێ، ئەگەر نیتانە ئەدی نیزیک ۵۰ بەندیی سیاسی لێرە چ دەکەن؟
ئەو بەرپرسە گوتی: ئێوە سیاسی نین و ئێوە موحاڕبن و دەبێ بە توندترین شێوەش سزا بدرێن!
دەمەقاڵە و مشتومڕێک لە نێوانیاندا هاتە ئاراوە و هەموو بەندییە سیاسییەکان پشتی کاک “ک.خ” گرت و ئەوەش بوو بەهۆی وەی کە ئەو بەرپرسانە نەیەنەوە نێو بەندییە سیاسییەکان و جار نا جارێک بەرپرسی پێڕاگەیشتن بە بەندییەکانی نێو گرتووخانە، “کووسەلوو” دەهاتە نێو بەند کە ئەویش به پارێزەوە چاوی لێ دەکردین و هەمیشەش لە ئاستمان سەری نەوی دەکرد.
ئەو تەبایی و ڕەباییەی نێوانمان کە لەسەر داوای شەهید کەریم تووژەڵی و کاک محەممەد شاروێرانێ و کاک “م. ق” بوو، کارێکی کردبوو کە بنەماڵەکانمان هەموو پێکەوە هاموشۆی گەرمیان هەبێ و هەمووشمانیان بە چاوێک، چاو لێ دەکرد.
یەکێک لە ناخۆشترین بیرەوەرییەکانم، ڕۆژێک بوو کە لە ساڵۆنی چاوپێکەوتندا شەهید کەریم تووژەڵی لە کاتی لە باوەشکردنی بنەماڵەکەی لە دەست و لاق کەوت، هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە دەرزییەکیان لێدابوو، کە هەر چەند مانگ جارێک لە دەست و لاق دەکەوت و پێشیان گوتبوو گەر ئێعدامیش نەکرێی ئەو دەرزییە بە تێپەڕینی کات، دەتکوژێ! هەرچەند شەهید کەریم تووژەڵی زۆر لەوە خۆڕاگرتر بوو کە ئێمە بیرمان لێ دەکردەوە و، گەر زانیباشی ئێمە بە جۆرێک دڵگرانین لەو دۆخەی تێی داین، وەک کادرێکی بەوەجی دێموکرات بەو پەڕی ورەبەخشینەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکردین و، دڵی دەداینەوە.
کەم نەبوون ئەو قارەمانانەی لە گرتووخانەشدا کاری ڕێکخستن و خۆ سازماندانیان فێر دەکردین کە دیارە لێرەدا ناتوانم ناوی هەموو ئەو سەروەرانە بێنم.
لە کۆتاییدا و لەدوای ۱۶ مانگ لە گرتووخانەی مەهاباد لە ڕێگەی یاساییەوە ئازاد بووم و دوای زیندانیش بۆ درێژەدان بە خەباتی ڕەوای گەلەکەم، ژیان و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیم هەڵبژارد.