گرتنی ۶۴۱ چالاکی سیاسی و سەپاندنی سزای ۵۸۱۰ مانگ زیندان بەسەر ۱۶۵ بەندیی سیاسیی کورد لە ساڵی ۹۷ دا

+

لە ماوەی ساڵی ۱۳۹۷دا لانیکەم ۶۴۱ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. لەو ۶۴۱ کەسەی لە ماوەی ئەمساڵدا دەسبەسەر کراون، لانیکەم ۱۶۵ کەسیان دادگایی و سزای لە شەش مانگ تا سزای درێژخایەنی ۳۰ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە و سەرجەم ۵۸۱۰ مانگ (۱۷۴۳۰۰ ڕۆژ) زینداییان بەسەردا سەپاوە. هەروەها ۵ بەندکراوی کوردیش بە تۆمەتی محاربە و ئەندامەتیی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆن سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و ۳ بەندکراوی کوردیش لەژێر ئەشکەنجەدا و لە گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا گیان لێ ئەستێندراوە.
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ لە ماوەی سێ مانگی زستاندا ۱۷۷ چالاک و هەڵسووری سیاسی و مەدەنی لە کوردستان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و لایەنگری لە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات دەسبەسەر و زیندانی کراون. گرتن و حوکمدرانی ۱۷۷ چالاک و هەڵسووری کورد لە وەرزی زستان لە حاڵێکدایە کە لە ۹ مانگی بەهار و هاوین و پاییزیشدا ۴۶۴ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون و بەو پێیە ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە ماوەی ئەمساڵدا ۶۴۱ کەسیان دەسبەسەر و زیندانی کردوە.