مامۆستایەکی ئایینی لە ورمێ دەسبەسەر کرا

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاویی، مامۆستا عیسا ئازەری پێشنوێژی گوندی “کوڕانە”ی ناوچەی سۆمای برادۆست لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و دوای ئەشکەنجە و ئازار ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند، مامۆستا عیسا ئازەری لە کاتێکدا دەسبەسەر کرا کە باسی مێژووی ئەهلی سوننەی دەکرد، ناوبراو ڕەخنەی لە حکوومەت گرت کە هێندێک بابەتی شەرعی و مێژووی سوننە بە پێچەوانەوە بۆ خەڵک باس دەکەن.
لەگەڵ ئەوەی کە بنەماڵەکەی سەردانی دەزگا ئەمنییەکانیان کردووە بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی ئەو مامۆستایە لەبەر دەستدا نییە.
گرتن و دەسبەسەرکردنی مامۆستایان و کەسانی دیاری ئەهلی سووننە لە شارەکانی کوردستان بەردەوامە و دەیان کەسیان گیراون و دەسبەسەر کراون.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی قەیرانە جۆراوجۆرەکانەوە ترسی لێنیشتوە و لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژیمەکە ڕێژیمێکی دینی و ئیسلامییە، بەڵام باوەڕیان بە کەسانی ئایینیش نەماوە و هەر ڕۆژە بە بیانوویەک ئەوانیش دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکان دەکرێن، لێکۆڵینەوەیان لێدەکەن و بە تۆمەتی داتاشراو حوکمی بەند کردنیان بە سەردا دەسەپێنن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*