سێ چالاکی خەڵکی کرماشان بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەیان دەسبەسەرکران


سێ چالاکی خەڵکی کرماشان کە پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەیان دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، سێ هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی “سەید ئەردەشیر مووسەوی، مستەفا باقری ئاشنا و خەلیل بوژانی ئەسەدی” بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەیان دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان کران.
سەید ئەردەشیر مووسەوی و مستەفا باقری ئاشنا ڕۆژی پێنج شەممە ١٤ی پووشپەڕی ٩٧ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای کرماشان دەسبەسەر و ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی، لە پەروەندەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ شەهریار تەهماسبی و ئەرسەلان هیدایەتی لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی کرماشان بە سەرۆکایەتی دادوەر ”شاهرۆخ مورادی“ و بە تۆمەتی ”پڕوپاگەندە دژی حکوومەت و پێکهێنانی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵگا“ هەر کامەیان حوکمی ٩ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپا کە ئەو حوکمە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کرماشان بۆ ٤ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.
هەروەها، خەلیل بوژانی ئەسەدی کە لە خۆپێشاندانەکانی پاییزی ٩٨ی هەتاوی، دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی سێهەمی دادگای ئینقلابی کرماشان بە سەرۆکایەتی دادوەر ”ئەسەدی“ بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی دژبەری ڕێژیم سزای ٣ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی ”کۆبوونەوەی نایاسایی“ سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ئەو سزایە دواتر لەلایەن دادگای پیداچوونەوەی کرماشانەوە بۆ ٣ مانگ بەندکران کەم کرایەوە. https://t.me/xoragre http://www.xoragri.com فیس بووک :https://www.facebook.com/%D8%A6%DB%95%D9%86%D8%AC%D9%88%D9%85%DB%95%D9%86%DB%8C-%D8%B2%DB%8C%D9%86%D8%AF%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%B3%DB%8C%D8%A7%D8%B3%DB%8C-37221158357251