ڕاگەیندراوی بەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەی ئێڤین: پەتای کۆرۆنا لە بەندیخانەدا کارەساتێکی مرۆیی دەخوڵقێنێ


خۆڕاگر: بەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەی ئێڤینی تاران، لە بەندی ٨ی ئەو بەندیخانەیە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک و بە ئاماژە بە دەستپێکردنەوەی پەتای کۆرۆنا لە زیندانەکان و بەتایبەتی بەندیخانەی ئێڤینی تاران و خوڵقاندنی کارەساتێکی مرۆیی لە بەندیخانە داوای ئازادی و مەرەخەسی بەندکراوانی سیاسی دەکەن.
لەم بەیاننامەیە کە هەواڵدەری”هێرانا” ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی لە زاری کانونی نووسەرانی ئێرانەوە بلاویکردەوە هاتووە کە بەهۆی تەشەنەسەندنی دووبارەی پەتای کۆرۆناوە و گیانلەدەسدانی بەندکراوانی سیاسی لە ناو بەندیخانە و شارەدنەوەی لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە، داوا لە هەموو رێکخراوە مافە مرۆییەکانی ئێران و جیهان دەکەین کە گوشار بخەنە سەر ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەیکە لەم کاتی تەشەنە و پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنایەدا لانیکەم ئیزن بە بەندکراوانی سیاسی بدرێ کە بە دانانی بارمتە بچنە مەرەخەسی و بەم جۆرە گیانی خۆیان لە هەمبەر ئەم پەتا مەترسیدارەدا بپارێزن.
لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە، بە هۆی گوێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە تەشەنەسەندن و مەترسیدار بوونی پەتای کۆرۆنا و بەپێی ئەو ئامارانەی کە خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، لە هەر سێ چرکەدا، کەسێک بە هۆی تووشبوون بەم پەتایە گیانی لە دەستدەدا و بنەماڵەیەک تووشی خەم و پەژارە دەکا، هیچ دوور نییە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەم پەتایە کارەساتێکی مرۆیی لە بەندیخانەکاندا بخوڵقینێ، بۆیە داواکارین لە هەموو ڕێکخراوە مافە مرۆییە ئێرانی و جیهانییەکان بە هانای ئەم داواکاری و بانگەوازی ئێمەوە بێن.
لەدرێژەی بەیاننامەکەدا بەجەختکردنەوە لە سەر زۆر بوون و کەڵەکەبوونی بەندکراوانی سیاسی لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران و نەبوونی شوێنی پێویست وپێڕانەگەیشتنی بنکە تەندروستییەکانی ناو بەندیخانەکان و ڕەچاو نەکردنی ڕێنوێنییە تەندروستییەکان هاتووە کە “لە ئێستاوە هەر بەندکراوێکی سیاسی لە بەندیخانەدا بە هۆی پەتای کۆرۆناوە گیانی لە دەستبدا ئەوە بەرپرسانی بەندیخانە و دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران تاوانبارن بە کوشتنی بە ئەنقەستی بەندکراوانی سیاسی لە بەندیخانەکان”.