هاووڵاتییەکی خەڵکی دێولان دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا

چالاکێکی مەدەنی خەڵکی دێولان کە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بە سەر داسەپابوو دەسبەسەر کرا.
ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، “سابیر قادری” چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی دێولان سەر بە پارێزگای سنە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی حوکمەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا.
سابیر قادری تەمەن ٤٤ ساڵ ڕۆژی دووشەممە ١٨ی سەرماوەزی ٩٨ی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری دێولان لە پارێزگای سنە دەسبەسەر و پاش ٣ مانگ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتیی ئازاد کرا.
ئەو چالاکە کوردە لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لە لایەن دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی ئەندامبوونی حیزبێکی کوردی دژبەری ڕێژیمی ئێران بە ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی “پڕووپاگەندە دژی نیزام” حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.
دانیشتنی دادگای پێداچوونەوەی سابیر قادری ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەرمانانی ئەمساڵ بە سەرۆکایەتی دادوەر تەیاری بەڕێوە چووە و حوکمی ناوبراو بۆ ٢ ساڵ و ٤ مانگ کەم کرایەوە.
ناوبراو ئەندامی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی “حەشیمەی شەیدای سەوزی لەیلاخ” و ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین بووە. https://t.me/xoragre https://xoragri.com