ژمارەی دەست بەسەرکراوانی پیرانشارلە لایەن ئیتلاعاتی ئەو شارە گەیشتە ١٠ کەس

خۆڕاگری: دوو کەسی دیکە لە شاری پیرانشار لەلایەن ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کران ژمارەی دەست بەسەرکراوان لە یەک حەوتووی ڕابردوودا گەیشتە ١٠ کەس کە دوو کەسیان ئازاد کراون.

ڕۆژی پێنج شەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٩، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی شیناوێ سەر بە شاری پیرانشار بە ناوی سەلیم شەوەندە دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە.

هەروەها، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شیناوێ بە ناوی هاشم مورادی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، شەوی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر ١٣٩٩هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیان کوتاوەتە سەر گوندی چیانە و دوو برایان بە ناوەکانی فارۆق پەسووپیش و زاهیر پەسوپیش دەستبەسەر کردووە کە فارۆق دواتر ئازاد کراوە.

هەروەها،  شەوی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر ١٣٩٩ە گوندی گەرگوولی خواروو چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی شۆڕش عەبدوڵڵانیژاد، نەجمە سوخەنوەر، سەلاح ئاجی و کوڕەکەی بە ناوی ڕەحمان ئاجی و لەگوندی شیناوێ دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی  عەلی جۆڵا و ئیسماعیل حاجی عەبدوڵڵا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون کە ڕەحمان ئاجی دواتر ئازاد کراوە.
هەموو ئەو کەسانە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر کراون و ٨ کەسیان بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە ئورمیە گوازراونەتەوە .