بە بۆنەی کۆچی دوای شاعیری دەروەستی کورد مامۆستا جەلال مەلەکشا

جەلال مەلەکشا، شاعیر و نووسەری ناسراوی کورد، ڕۆژی شەممە ١٠ی خەزەڵوەر لە سنە ماڵئاوایی لە ژیان کرد. مەلەکشا لەبەر چالاکییە سیاسییەکان و نووسینە ڕەخنەگرانەکانی لە هەردوو حکوومەتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا لە سەر یەک بۆ ماوەی نزیک بە١٣ ساڵ زیندانی کرا و لەم ساڵانەی دواییشدا چەندەها جار لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کرا، بەڵام قەت بەرامبەر بە زووڵم وبێدادی بێدەنگ نەبوو. جەلال مەلەکشا بەهۆی بەردەوام‌بوونی لە کوردایەتی و ئازادیخوازی بوو بە نموونەیەکی زۆر دەگمەن لەو شاعیر و ئەدیبانەی کورد کە ببوو بە مووڵکی هەموو کوردستان، هەر بۆیە هەموان وەک کەسایەتیەکی جیگای ڕێز و خۆشەویسیتی خەڵکی کوردستان چاویان لێدەکرد. ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی قەڵەمی دەروەست و شاعیری نەتەوەیی کورد جەلال مەلەکشا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی مەلەکشا، کومەڵگای ئەدەبی کوردستان وهەموو خەڵکی کوردستان دەکات. یاد وناوی بۆ هەمیشە بە زیندووی دەمێنیتەوە. ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١١ی خەزەڵوەری١٣٩٩ی هەتاوی