دەسبەسەر کران و ناڕوونی چارەنووسی سێ هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان

سێ هاوڵاتیی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی مەریوان حەوتووی ڕابردوو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حەوتووی ڕابردوو هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان سێ هاوڵاتیی خەڵکی گوندی ”دەگا شێخان“یان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.
هەواڵنێری هەنگاو لە مەریوان ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کەسێکیان بە ناوی ”حامید دارستان“ تەمەن ٥٤ ساڵ هاوڕێ لەگەڵ کوڕە ١٩ ساڵەکەی بە ناوی ” محەمەدعەلی دارستان“ دەسبەسەر کردووە، هاوکات کەسێکی دیکە بە ناوی ”حەمدی دەبستان“ تەمەن ٤٢ ساڵ هەر لەو گوندە دەسبەسەر کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سێ هاوڵاتییە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کراون و هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەسبەسەر کردندا دراونەتە بەر لێدان و کوتان و بێڕیزییان پێکراوە.
سەرەڕای تێپەڕینی یەک حەوتوو لە دەسبەسەر کرانی ئەو سێ هاوڵاتییە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە.