ڕیژیمی ئێران داواکاریی کۆمەڵێک بەندکراوی بەهایی بۆ دواخستنی سزاکانیان ڕەتدەکاتەوە

ڕیژیمی ئێران داواکاریی کۆمەڵێک بەندکراوی بەهایی بۆ دواخستنی سزاکانیان ڕەتدەکاتەوە
داواکاریی کۆمەڵێک بەهایی ئێرانی کە بە هۆی باوەڕ بە ئایینەکەیانەوە سزای بەندکردنیان بە سەردا سپێندرابوو، لە لایەن ڕێژیمەوە ڕەتکرایەوە.
ئەو کۆمەڵە زیندانییە بەهاییە داوای دواخستنی جێبەجێکردنی سزاکەیان کردبوو بۆ ئەوەی لە بەندیخانە تووشی پەتای کۆرۆنا نەبن.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بەهاییەکان ڕایگەیاند کە، دادگای پێداچوونەوە لە شاری بیرجەندی پارێزگای خۆراسانی باشوور، سزای بەندکردنی١٥مانگ تا دوو ساڵی بە سەر ٦ژن و ٢ پیاوی بەهاییدا سپاند.
سەرچاوەکە ناوی ئەو ٨ بەهاییەی ڕاگەیاند کە بریتین لە فەرزانە دەیمی، نەسرین قەدیری، عەتا مەلاکی، ڕۆئیا مەلاکی کچی عەتا مەلاکی، سەعید مەلاکی، ئارەزوو محەممەدی، بەنەفشە موختاری و عەتیە ساڵحی.
سەرچاوەکە وتیشی سزای یەکێک لە بەهاییەکان بە ناوی ڕەحمەتوڵا دەیمی بە هۆی زۆری تەمەنیەوە لە دادگای پێداچوونەوەدا بەتاڵکراوەتەوە و هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە پێشتر ئەو گروپە تۆمەتبارکرابوون بە تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی دژە حکومەتی لە پێوەندی بە جێبەجێکردنی دابونەریتی ئاینیەکەیاندا.
دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران، خەڵکی بەهایی کە نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەس دەبن، بە کافر و بێدین دەزانن و بە بەردەوامی بە هۆی باوەڕەکانیانەوە بە ئاینی بەهایی بە بیانوو و تۆمەتی ئاسایشی نەتەوەیی بە بێ ئەوەی بەڵگەیەک بخەنە ڕوو لە لایەن ڕێژیمەوە تاوانباریان دەکەن.