موژگان کاووسی دوای ٢٣ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا

خۆڕاگری: موژگان کاووسی بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران ڕاگیراوە، دوای ٢٣ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەزبەری ١٣٩٩ (٢٣ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، موژگان کاووسی بەندکراوی سیایس خەڵکی کەلاردەشت دوا ٢٣ ڕۆژ مانگرتن لە خوارد لە سەر داوای بنەماڵەکەی و ڕاسپاردەی پزیشکەکانی نەخۆشخانەی تاڵقانیی تاران، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێناوە.
 

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانان (١٦ی سێپتامبر)، موژگان کاووسی لەگەڵ شازدەهەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنەکەی، بە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی و بە مەبەستی ئەنجامی نەشتەرگەری، بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی تاران گوازرایەوە کە ئەو نەشتەرگەرییە بۆ ڕۆژی سێشممە ٨ی ڕەزبەر دواخراوە.  ئەو توێژەرە کوردە نەخۆشی ئەندامانی کۆهەرەسی هەیە و بەرپرسانی بەندیخانە ئیزنیان نەدەدا کە لە نەخۆشخانەکانی دەرەوەی بەندیخانە نەشتەرگەری بۆ بکرێت.
 

ئەو بەندکراوە کوردە ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانانی ١٣٩٩ (١ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێنەدانی مافی مرەخەسی و هەروەها هەڵاواردنی ڕەگەزی بۆ پەیوەندی بەندکراوەکان لەگەڵ بنەماڵەکانیان مانی لە خواردن گرتووە. وەک باس دەکرێت بەندکراوە پیاوەکان زیاتر دەتوانن پەیوەندی بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن.
 


موژگان کاووسی بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی دژبەری نیزام” بە ٣٣ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی “هاندانی خەڵک بۆ دروست کردنی بشێوی و تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە ٣٦ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی “ پڕوپاگەندە دژ بە نیزام” حوکمی ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، لەو سێ حوکمە زۆرترینەکەیان واتە حوکمی ٣٦ مانگ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.


موژگان کاووسی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ١٣٩٩ (١٩ی مەی ٢٠٢٠)، دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی شاری نۆشەهر کرا و ڕۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕی ١٣٩٩ (٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازراوەتەوە.