چالاکانی مافی مروڤ:بێزاری و دڵساردیی خەڵکی ئێران دەبێتە هۆی خۆپێشاندانەکانی سەر شەقام

١٥٠کەس لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆڤ بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەکی پەیوەندیدار بە لە سێدارەدانی نەوید ئەفکاری نووسیویانە، کە بێزار بوونی لە ڕاددە بەدەری خەڵکی ئێران لە ڕێژیم رێگە خۆشکەرە بۆ شەپۆلێکی دیکەی خۆپێشاندانی خەڵکی ئێران کە بڕژێنە سەر شەقامەکان.
لەم بەیاننامەیەدا هاتوە کە، فەرمانی لە سێدارەدانی نەوید ئەفکاری هەر لەو شوێنەوە هاتوە کە حوکمی تەقە کردن و کوشتنی سەدان کەس لە خەڵکی خۆپێشاندەر لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوییەوە درابوو.
هەڵسووڕاوانی مەدەنی و مافی مرۆڤ دەلین، خەڵک دەبێ ئەوە باش بزانن کە ئەم پەلە کردنە لە جینایەت و ئازاردانی خەڵک، لا راستیدا ترسە لە سەرهەڵدانی خەڵکی بێ دەرەتان و هەژاری کۆمەڵگە کە بڕژێنە سەر شەقامەکان.
هەروەها لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە، حکوومەت هەر ڕۆژەو ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەم وڵاتە، دژ بە خۆی بێزار دەکات. ئەم بێزارییانە سبەی‌ڕۆژ گەورەتر دەبن و دەگەنە شەقامی شارەکان و مانگی بەفرانبار و مانگی خەزەڵوەرێکی دیکە دەخوڵقیت.
هەواڵنێرانی تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک، لە سێدارەدانی نەوید ئەفکاری، پاڵەوانی زۆرانبازی ئێرانییان بە توندی مەحکووم کرد.
لە کۆتاییدا باس لە ئەشکەنجەدانی نەوید ئەفکاری بە شێوەی لێدان و ئازاردان بە دار و باتۆم، داپۆشینی سەری بە کیسەی پلاستیکی تا ئاستی خنکاندن و ئەلکۆل کردنە ناو لووتی کراوە.