دیرۆکی خۆڕاگری (سەنگەری زیندان)

مستەفا فەقێ

«مستەفا فەقێ»م و ساڵی ۱۳۴۰ لە گوندی موشیرئابادی ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان لە دایک بووم.

ئه‌من لە  کاتی شۆڕشی ساڵی ۱۳۵۷ لە بۆکان دەمخوێند. لەگەڵ سەپاندنی شەڕ بەسەر کوردستان گوندەکەی ئێمە و ئاواییەکانی دەوروبەر وەک گوێگجەلی، قەڵا، برایم ئاباد، گامێشگۆلی و عەسکەرئاباد کە سەر بە شاری میاندواو بوون، ڕۆژ نەبوو هەڵنەکوتنە سەریان و خەڵکە بێتاوانەکەی ئەزیەت نەدەن. ئەمن کە پێشتریش بەهۆی دایکمەوە _خەدیجە کەریمی_ لەگەڵ مێژووی شۆڕشی کورد و جووڵانەکانی ئاشنا ببووم. باوکیشم مەلا عەبدوڵڵا، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەک لەو کەسانە بوو کە لە ڕاپەڕینی جوتیارانی موکریاندا بەشداریی کردبوو. ئەوە بوو کە منیش ساڵی ۱۳۶۱ پێوەندیم بە کادرەکانی حیزبی دێموکرات شەهیدان برایم شوجاعی ناسراو بە شەماڵ، عەوڵا دووژنە و سمایلی ڕەزاییه‌وه‌ گرت و وەک ئەندامی حیزب وه‌رگیرام. ساڵی ۱۳۶۴ و دوای ئاشکرابوونی شانەیەکی تەشکیلاتیمان بۆ ئەوەی نەگیرێم ڕووم کردە تاران و ساوە و ساڵی ۱۳۷۰ پێوەندییەکانم لەگەڵ حیزب لە ڕێگەی شەهید مەنسوور ئاڵبڵاغی گرێ دایەوە، بەڵام لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە خرامە ژێر فشارەوە و تەنانەت کار گەیشتە ئەو جێیەی لە شوێنی کارەکەم دەرکرام.

ساڵی ١٣٩١ لە دەفتەرخانەی ژمارە ۷ی مەهاباد کارم دەکرد کە بانگ کرامە ئیدارەی ئیتلاعات و خستیانمە ژێر لێکۆڵینەوە. پاش چەند سەعات جەزرەبەدانی ڕووحی سواری ماشێنیان کردم و بردیانمە ماڵی خۆمان. قەت ئەو ڕۆژە لە بیر ناکەم تاقانە کچەکەم و خێزانم چۆن فرمێسکیان هەڵدەوراند، بەڵام ئەوان بۆ چرکەیەک ئیزنیان نەدا لە لایان دابنیشم و دوای پشکنینی ماڵ و کەلوپەلی تایبەت بە خۆم، لاپتۆپ و کۆمەڵە شتێکیان هەڵگرت و بەرەو ئیتلاعاتیان بردمەوە.

بردمیانەوە. ‌دوای چوار ڕۆژ‌ دایانم بە زیندانی ناوەندیی مەهاباد و سێ مانگ دوای بەندکرانم و دادگاییکردنم، بە تاوانی! ئەندامەتی لە حیزبی دێموکرات سزای ۴ ساڵ زیندانیم بەسەردا سەپا.

ئێمە وه‌ک زیندانیی سیاسی کاتەکانمان زیاتر بە خوێندنەوەی کتێب و وەرزش تێده‌پەڕی. بەندییە سیاسییەکان وەک ئولگوو وابوون لەنێو بەندیخانەدا و بەند و سللولەکانیشیان کردبووە سەنگەری مافخوازی و خۆڕاگری.

ئەگەرچی لەم ساڵانەی دواییدا شێوازی ئیدارەی زیندانەکان و هەڵسوکەوت لەگەڵ بەندییەکان گۆڕابوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر دیاردەی دیکەی وەک بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر و جێخستنی نیزامی سیخوڕی لە زیندانەکاندا پەرەی سەندووە. زیندانی مەهابادیش کە زۆر زیاتر لە زەرفییەتی خۆی خەڵکیان تێ خزاندووە، بەدەر لەو بارودۆخە گشتییە نەبوو. خواردن تا بڵێی خراپ بوو، بە ۴۰۰ بەندی ۸ ژووری حەمام دابین کرابوو و زۆر جاران ئاوی گەرمیش نەبوو. گەندەڵی و کردنەبازاڕی زیندانیش لەلایەن بەرپرسانی زیندان لە جێی خۆی کە لەسەر حسێبی زیندانیی بێئەنوا چ قازانج و دەسکەوتێکیان لەسەر یەک دادەنا.

زیندانیانی سیاسی لە نێو زینداندا ئەگەر لەلای بەندییەکان بەقەدر و حورمەت بوون، بەڵام بەرپرسانی زیندان تۆڵەیان لێ دەکردنەوە. بۆ نموونە قازی چاوەدێری زیندان، بەرپرسی شووڕای زیندان بە ناوی قودره‌ت کاتی گرتنی کۆبوونه‌وه‌ی شووڕا بۆ مەرەخەسیدان، داوای زیندانییانی سیاسیی وەلا دەنا، بۆ نموونە ئەمن بۆ خۆم ماوەی ۲۶ مانگ کە لە زیندان بووم تاق ڕۆژێک مەرەخەسیم نەدرایە.

لە زیندان لەگەڵ زۆر بەندیی سیاسیی خۆشناوی وەک کوردپوورەکان و کەڵەپیاوی خۆڕاگری وەک مەنسوور ئاروەند ئاشنا و هاوبەندی بووم. بۆ نموونە ئەگەرچی ماوەیەکی کورت لەگەڵ شەهید مەنسوور ئاروەند لە ژوورێکدا بووین، بەڵام هەر لەو ماوە کورتەدا گەلێ وانەی خۆڕاگری و ئیمان بە ڕێبازی کوردایەتیی لێ فێر بووین. قسەیەکی لەخۆڕا نییە کە بڵێم لە نێو زیندانەکان دایە کە گەورەیی و شانازییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەگشتی بزووتنەوەی سیاسیی کوردت بۆ دەردەکەوێ. لە زیندان دایە کە هەست بە غرووری نەتەوەیی خۆت دەکەی و بڕیار دەدەی تا دواهەناسە لەسەر ئامانجی پیرۆزت بمێنیتەوە و نە کەندوکۆسپ و نە فشار و ئەشکەنجە نەتوانن چۆکت پێدابدەن.

دوای کێشانی نیوەی ماوە زیندانییەکەم و پاش چەند جار داواکردن لە بەڕێوەبەرایەتیی حوکمەکانی مەهاباد کە بێ وەڵام مابوونەوە، دواجار لە مانگی ڕێبەندانی ۱۳۹۳ لە زیندان ئازاد بووم.  گیران و ۲۶ مانگ مانەوە لە زیندان زۆر شتی لە من ئەستاندبوو، وەک ئەوەی بێکار ببووم و ۱۱ ساڵ ڕابردووی کار لە دەفتەرخانە و ۲۱ ساڵ بیمەم فەوتا، بەڵام شانازیی سووربوون لەسەر باوەڕەکانم پێ بڕابوو.

دوای ئازادبوون لە زیندان بەهۆی بێکاری و بێدەرەتانی کەوتمە زۆر تەنگانەوە. لە چەند شوێن ماوە ماوە کارم دەکرد و خۆم لەسەر پێ ڕاگرتبوو. بەڵام لەلایەک بەهۆی ئەم نەخۆشییانەی هەمبوو و لە زینداندا تەشەنەیان سەندبوو،و لەلایەکی دیکە فشاری زۆری ناوەندە ئەمنیەتییەکان کە ژیانیان لێ تاڵ کردبووم و وەئامانیان هێنابووم؛ بڕیارمدا ڕۆژهەڵات و زێدەکەم جێ بهێڵم و بێمە نێو سەنگەری ئاشکرای خەباتەوە. ئەوە بوو کە لە گەلاوێژی ۱۳۹۴دا هاتمە نێو ڕیزەکانی حیزبەکەم، حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە پۆشینی بەرگی پێشمەرگایەتی ئاواتی ۳۰ ساڵەی ژیانم وەدیهێنا.

زیندان ئەگەرچی زۆر شتی لە من ستاند، بەڵام دەرگای دنیایەکی دیکەی بەڕووی مندا کردەوە، قانع گوتەنی:

«بیری ئازادیم لە زیندانا فراوانتر دەبێ

قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە…»