کامیل ئوستادئەحمەدی
شکاندنی شکۆی خاوەنشکۆ!
دیرۆکی خۆڕاگری
(لە دێکۆمێنتەکانی ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)
(بەشی یەکەم)
ئەمن کامیل ئوستادئەحمەدی ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی لە شارەدێی سەرچناری ناوچەی چۆمی مەجیدخانی مەهاباد لە بنەماڵەیەکی وەرزێر و نیشتمانپەروەردا لەدایک بووم.
منداڵیی من لە ڕۆژ و مانگ و ساڵەکانی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧دا تێپەڕی. هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە برا گەورەکەم هاتبووە ڕیزەکانی حیزب و لە “سازمانی جەوانانی حیزب”دا سازمان درابوو کە پاشان بوو بە پیشمەرگە و بەداخەوە ساڵی ١٣٦٢ لەگەل شەش هاوسەنگەری دیکەی لە شەڕیکی قارەمانانەدا لە دەشتی شاروێران شەهید بوو. باوکیشم بەهۆی کوردایەتی و هەستی نیشتمانپەروەرییەوە چەند جار گیراوە و تامی زەبر و ئەشکەنجەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کردوە؛ هەموو ئەوانە هەر لە منداڵییەوە ئیلهامی پێم دەدا. ئەوە بوو کە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی بوومە ئەندامی حیزب و ئەرکی کاری تەشکیلاتی لە ناوچەی خۆمانم گرتە ئەستۆ.
ساڵی ١٣٧٥ بەهۆی چەند ڕووداوێک ئاشکرا بووم و پێش ئەوەی بگیرێم بە بنەماڵەوە خۆمان گەیاندە ڕیزەکانی ئاشکرای حیزب. لە تێکۆشانی حیزبیدا پلەی تەشکیلاتیم تا قۆناغی کادری دەرجە سێ بڕیوە و بەرپرسایەتیی جۆراوجۆری سیاسی، تەشکیلاتی و نیزامیم لە ئەستۆە بووە.
ساڵی ١٣٨٢ وەک تیمی کومیتەی شارستانی مەهاباد بە مەئمورییەتێکی سیاسی و تەشکیلاتی چووینەوە مەهاباد و ناوچەکانی دەوروبەری کە بە داخەوە دوای ماوەیەک بەهۆی خەیانەتی بەناو ئەندامێک و پیلانی لەپێشداداڕێژراوی ئیتلاعاتی ورمێ و مەهاباد دەداو کەوتین. پیلانەکە هیندە ورد داڕێژرابوو کە دەرفەتی هیچ کاردانەوەیەکی پێنەداین.
بردیانینە زیندانی ئیتلاعاتی مەهاباد و پاش هەشت ڕۆژ ئەشکەنجەی توند و لە تاقەتبەدەری فیزیکی و ڕوحی بەڕێی ئیتلاعاتی ورمێیان کردین و بۆ ماوەی چوار مانگ لە زیندانی ئینفڕادی بەند و بەبەردەوامی ئەشکەنجە کراین.
لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا چاویان نەدەبەستین و بازجووەکان بەڕاحەتی دەهاتن و دەچوون، بەوەڕا دیار بوو کە حوکمی ئێعداممان دەدرێتێ. لێکۆڵینەوەکان لە چەند شوێن و دەزگای سیاسی و ئەمنیەتییەوە دەکرێن. ئەوانەی بەشی ئیتلاعاتی سیاسی بە زمانێکی نەرم لەگەڵت دەدوان و تێیان هەڵیان دەپێچای، کەمتر بێڕێزیت پێدەکرا، بەڵام مێشکیان دەشڵەقاندی و تووشی کێشەی دەروونییان دەکردی. بەڵام لای بەشی ئیتلاعاتی نیزامیی سپای پاسداران ئەشکەنجەی سەختی فیزیکی و دەروونی و بێرێزی و سووکایەتی وەک ئاوی خواردنەوە وایە. هەموو ئامرازێکی ئەشکەنجەت لەسەر تاقی دەکەنەوە و دوایە پەروەندەیەکت بۆ دروست دەکەن و بەڕێی دادگات دەکەن.
بەمجۆرە ئەمن و هاوڕێیانم، کاک حەسەن جەزایرچی و کاک مەجید سەدەفی بەڕێی دادگای شۆڕشی مهاباد کراین و لە ماوەی کەمتر لە سەعاتێکدا حومی ئێعداممان بەسەردا سەپێندرا. ڕاستە ژیان شیرینە و هەموو مرۆڤێک گیانخۆشەویستە، بەتایبەت ئێمە کە هەرسێکمان ژن و منداڵمان هەبوو؛ بەڵام کە قسە دێتە سەر بیر و باوەڕ و چەند ژیان و چۆن ژیان، ئیدی ئەو کات ئەو باسانە بە لایەکی دیکەدا دەکەوێ. ئەو کات مردن لەڕێی گەل و باوەڕدا دەبێتە نەمری و شانازی.
دوای ئەوەی حوکم دراین، دایانین بە زیندانی ناوەندیی مەهاباد. لەوێ زیندانییەکان کە ناویان بیستبووین و ناسییانین، پێشوازییەکی گەرمیان لێ کردین. پێشتر زۆرم لە بارودۆخی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی بیستبوو، بەڵام بینین لەکوێ و بیستن لەکوێ؟ ئەوەی لە زیندانی مەهاباددا بەرچاوم کەوت دڵهەژێن بوو. مادەی هۆشبەر قوولەی دەکرد، بەئاشکرا و وەک خیزوخۆڵ لە زینداندا بڵاو دەبۆوە. لەو زبڵدانەدا (زیندانی مەهاباد) هەوڵم دا ئەوەندەی لە دەستم دێ خزمەت بەو تازەلاوانە بکەم کە لەسەر تاوانێکی چووکە دەگیران بۆوەی گیرۆدەی مادە هۆشبەر و لادانی دیکە نەبن.
ئێمە لەو دۆزەخەدا و سەرەڕای هەموو نەهامەتی و دژوارییەکان ئەوەی ئێمەی لەسەر پێ ڕاگرتبوو، باوەڕبەخۆبوون بوو، کردنی زیندان بە مەیدانێکی دیکەی تێکشاندنی کۆماری ئیسلامی و ئیرادەی نگریسی بوو. بۆیە لەگەڵ ئەوەی پەروەندەکەمان لە سۆنگەی هەستیاریی لەڕادەبەدەر بەڕێی بەشی “ئیجرای ئەحکام” و، هەموو دەموساتێک ئەگەری ئێعدامکرانمان هەبوو، لە شکاندنی دەرکی زیندان و شکاندنەوەی هەیبەتی کۆماری ئیسلامیش غافڵ نەبووین. بەمجۆرە لە یەکەم ڕۆژەکانی زیندانەوە هەموو بیرمان ئەوە بوو کە چۆن ئەوەی بە خەونیش نابیندرێ، ئێمە وەدیی بێنین.
لە یەکەم ڕۆژەکانی بەندکرانمان لە زیندانی مەهاباد لەگەڵ سەربازیک ئاشنا بووین بە ناوی “لوقمان ڕەمەزانی”. کاک لوقمان نیگابانی بەر دەرگای سلول بوو. هەر لە یەکەم دیدار و کورتە قسەیەکدا هیوای ژیان و ڕزگاریی پێمان بەخشی و بناغەی کارێکی گەورەمان دانا کە ناکرێ هەموو وردەکارییەکانی لێرەدا باس بکرێ. “کارۆ ڕەسووڵی” یەکێکی دیکە لەو لاوە خوێنگەرمانە بوو کە ئەویش سەرباز بوو لە بەندیخانەدا. کاک کارۆ کە تاقانە منداڵی بنەماڵەکەی بوو، بەڵام بۆ ئەو کارە گەورەیە سڵی لە هیچ ئەگەر و ئەممایەک و پێشهاتێک نەکرد.
ئەم کارە گەورەیە شکاندنی شکۆی کۆماری ئیسلامی بوو، بڕینی قفڵی زیندان و بەندی دڵی دوژمن بوو، ئەم کارە گەورەیە دەتوانین بڵێم عەمەلیاتی شەوی ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی و شکاندنی دەرکی بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە شاری مەهاباد بوو.
درێژەی هەیە…