” محەممەد نووریزاد” لە پەیامێکی دەنگیدا دەڵێ: ئاخوند واتە فەرهەنگی دزی و گەندەڵی و گەمژەیی

“محەممەد نووریزاد” زیندانیی سیاسی لە شاری مەشهەدەوە لە فایلێکی دەنگیدا وێڕای ئاماژە بە ئەشکەنجە و ئازاری بنەماڵەکەی و پێداگری لەسەر ڕاستبێژی و وتەکانی پێشتری کە خوازیاری دەست‌لەکارکێشانەوەی خامنەیی بوو دەڵێ بەم‌زوانە لە زینداندا خۆم دەکوژم .

بە پێی فایلێکی دەنگی لە “محەممەد نووریزاد” زیندانیی سیاسی و ئەندامی ئەو دەستە ١٤ کەسییەی کە واژۆیان بۆ دەست‌لەکارکێشانەوەی خامنەیی کردبوو، باس لە ئازار و ئەشکەنجەی بنەماڵەکەی لە لایەن حکوومەت و بە تایبەت سپای پاسدارانەوە دەکا. باسی  دەسبەسەرکرانی کوڕەکەی “عەلی نووریزاد ” لە شاری تاران دەکا و دەڵی: ” تاوانی من و ئەوانەی وەکوو من لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیداین تەنیا ڕاستبێژییە”.

ناوبراو لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژە بە ڕۆژنامەوانێک دەکا کە دزییەکانی”باقر قاڵیبافی” ئاشکرا کرد و دەڵێ بە جێگای ئەوەیکە  دزەکە بگرن ڕۆژنامەوانەکەیان دەسبەسەرکرد.

بە ئاماژەی ڕاستەوخۆ بە “خامنەیی” و جینایەتەکانی و “عەلی فەلاحیان” کە وەکوو ناوبراو دەڵێ، پێشتر جێگای بەزەیی خەڵک بوو بەڵام ئێستا خاوەنی میلیاردها دۆلارە .

ناوبراو لەبەشێکی قسەکانیدا دەڵێ: “ئاخوند واتە گەمژەیی و دزی و تاڵان و مفتەخۆری، ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین کە دز و جەردە و کەسی گەندەڵ و فاسید حکوومەت دەکا و کەسی ڕاستبێژ و ئازادیخواز لە بەندیخانەکاندایە”.