عومەر باڵەکی
ماوەی نزیک بە چوار مانگە ڤیرووسی کۆرۆنا سەرانسەری جیهانی گرتۆتەوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان بێجگە لە مردنەکان لەو سۆنگەیەوە، کاریگەریی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤ لە هەموو وڵاتانی سەر گۆی زەوی داناوە و دەوڵەتەکان هەر کامیان بە پێی توانای زانستی پزشکی و ئابووری و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتیی خۆیانەوە خەریکی بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو ڤیرووسەن. کاریگەریی ئەو ڤیرووسە بە چەشنێکی خێرا خۆی دەرخستوە و بڵاو بۆتەوە کە وڵاتانی زلهێزی ئابووری و نیزامیی جیهانیش لە چارەسەری خێرایدا هەتا ئێستا دەستەوەستانن، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە دەوڵەتانی دێموکراتیک خۆیان لە ئاستی بەرپرسیارەتییدا بدزنەوە و لە فکری کۆمەڵگەی خۆیاندا نەبن و لە هەوڵی ئەوەدا نەبن کە ڕێگاکانی پێشگیری و بەربەرەکانی دەستنیشان نەکەن. لەو بێنەوبەرەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنادا هێندێک شوێن لە هێندێک شوێنی دیکە مەترسیی زیاتریان لەسەرە ئەگەر ئەو ڤیرووسەیان لێ بڵاو بێتەوە، جا ئەو شوێنە لە ئەمریکا بێ یا لە ئێران هیچ جیاوازیی نییە. ئەوەی جیاوازی دروست دەکا شێوەی تێڕوانینی بەرپرسانی حاکمییەت و دەوڵەتەکانە کە لەو شوێنانە چۆن دەڕواننە مرۆڤ و مافەکانی مرۆڤ؛ زیندانەکان یەک لەو شوێنانەن.
لە ڕوانگەی زانایانی قانوونەوە زیندانی کردنی تاوانبار یەکێک لە قورسترین و دژوارترین سزاکانە کە بەسەر کەسی تاوانباردا دەسەپێ. چونکە ئەو سزایە لە ڕاستییدا ئەسڵی ئازادی لە کەسەکە دەستێنێتەوە و لە هەمان کاتدا کاریگەریی ڕاستەوخۆشی دەبێ لەسەر بنەماڵەکەی چ لە بواری پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، یان لەڕووی ئابوورییەوە. بۆیە هەموو دەوڵەتەکان هەوڵیان داوە لە بواری داڕشتنی قانوونەوە گرینگی بەو بابەتە بدەن و تەنانەت لە بواری نێودەوڵەتییشەوە کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای پەسەندکراو هەن. نیزامی کۆماری ئیسلامیش بەدەر نییە لەو یاسایە و بۆ ئەو مەبەستە کۆمەڵێک قانوون و ئایینامەی لەبارەی زیندان، زیندانی و بەندیخانەکاندا پەسند کردوە، بەڵام لە هەمووی ماوەی دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمەدا نەک کار بەو قانوونانە نەکراوە کە پەسەندکراوی خۆیانە، بەڵکوو بە قانوونی نەنوسراوەش هەموو مافەکانی زیندانی پێشێل دەکەن.
مافی زیندانی لە دوو لایەنی مادی و مەعنەوییەوە دەبێ سەرنجی بدرێتێ. لایەنی مادی پێوەندیی بە ژیانی کەسی زیندانییەوە هەیە وەک دەستڕاگەیشتن بە خواردن و خواردنەوەی سڵامەت، هەبوونی جێوڕێی گونجاو بە ڕەچاوکردنی پاکوخاوێنی، دەستڕاگەیشتنی بە خزمەتە پزشکی و دەرمانییەکان؛ بەم جۆرەی کە زیندانی لە ماوەی کێشانی سزاکەیدا سڵامەتی و لەشساغیی لە زیندان پارێزراو بێ. لایەنی مەعنەویی زیندانییش کە پێویستە لەگەڵ پێوانە نێودەوڵەتییەکان بگونجێ، بریتییە لە دەستڕاگەیشتنی زیندانی بە بنەماڵەکەی و ڕاگرتنی پێوەندییەکانی لە ڕێگەی تەلەفوون، چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ، ناردنی نامە و نووسراوە و هتد.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییدا بە هۆی سیاسەتی هەڵەی ئابووری، سیاسی و فەرهەنگیی حکوومەت و توندوتیژیی دەزگا و ئیدارەکانی ئەو نیزامە ڕادەی زیندانی بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر زیادی کردوە و لە هەمان کاتدا کە زیندانی زیادی کردوە بەو ڕادەیەش مافەکانی زیندانی لە لایەن کاربەدەستانی زیندانەوە پێشێل کراوە و لە سەرەتاییترین مافی ئینسانی بێبەشیان کردوون. بە کورتی دەتوانین بڵێین لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامییدا زیندانی بە چاوی مرۆڤ سەیر ناکرێ، هەربۆیە شتێک بە ناوی دادپەروەری لە نێوەرۆکی ئەو نیزامەدا نییە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو نیزامە باوەڕی بە مافەکانی مرۆڤ نییە و لە ڕوانگەی ئەو نیزامەوە مرۆڤی باش ئەو کەسەیە کە ملکەچی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بێ.
“تۆلستۆی” نووسەری ڕووس دەڵێ: “ئەگەر دەتانهەوێ بزانن لە وڵاتێکدا دادپەروەری هەیە یان نا، سەردانی زیندانەکانی بکەن.” ئەگەر ئەو قسەیە وەک پێوانەیەک دابنێین بۆ دادپەرەوریی کۆماری ئیسلامی بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێ ئەو نیزامە نەک دادپەروەر نییە بەڵکوو دوژمنی هەموو ئەو کەس و لایەنانەشە کە باس لە دادپەروەری و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەکەن. با چەند مادە لە قانوونەکانی نێونەتەوەیی و هەروەها قانوونی سازمانی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی وەک نموونە بە فاکت بێنینەوە.
مادەی ١٠ی بەندی یەک لە میساقی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان بەم جۆرە باس لە پاراستنی حورمەتی ئینسانی زیندانی دەکا: “هەموو ئەو کەسانەی بە هۆی زیندانیبوون لە ئازادی بێبەش کراون، دەبێ بە ئینسانیەت و ڕاگرتنی حورمەتی ئینسانی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێ”.
مادەی ١٠ و١١ی کۆنڤانسیۆنی حقووقی زیندانی لەسەر شوێنی زیندانی و ئیمکاناتی ئەو شوێنە بەم جۆرە باس دەکا: “تەواوی ژوورەکان و شوێنی زیندانی بە تایبەتی شوێنی نووستن دەبێ ڕووناکیی پێویست و هەموو کەرەسەکانی تەندروستی و دەرمانی بە لە بەرچاو گرتنی کەشوهەوای ناوچەکە و، ئیمکاناتی ئاڵوگۆڕکردنی هەوا و؛ ساردکەرەوە و گەرمکەرەوەی بە پێی وەرزەکانی ساڵ هەبێ.” هەروەها “شوێنی مانەوەی زیندانی پێویستە نووری سروشتیی هەبێ و هەوای تازەی پێبگا. بەندیخانەکان دەبێ بەشی لەشساغی و دەرمانی و خۆشوشتنی بەندییەکان بە ئاوی گەرم و ساردی هەبێ هەروەها شوێنی مانەوەی بەندییەکان بە شێوەی بەردەوام پاکوخاوێن ڕابگیرێ و بە دژە ڤیرووس بپڕژێندرێ”.
ئەوانە چەند نموونەیەک بوون لە قانوونە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی پاراستنی مافی زیندانی لە بواری سڵامەتی و پاراستنیاندا. ئێستا باس لە چەند نموونەیەک لە قانوونەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەین کە باس لە مافی زیندانی دەکا و لە دواییدا بە کورتی ڕوونی دەکەینەوە کە بەداخەوە ئەو قانوونانە بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی تەنیا لەسەر کاغەزن و کردەوەکان جۆرێکی تر و پێچەوانەن.
مادەکانی ٧٠ هەتا ١٢١ـی ئاییننامەی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی تایبەت کراوە بە کاروباری نێوخۆی زیندانەکان وەک بەرنامەڕێژیی ڕۆژانە، دەرمان، خواردن و لەشساغیی زیندانییان. مادەکانی ١٠٢، ١٠٣، ١١١، ١١٢، ١١٣، ١١٥ ئاییننامەی ئیجرایی سازمانی زیندانەکان بەرپرسانی زیندان ئەرکدار دەکا کە بۆ سڵامەتی و لەشساغیی زیندانییان کەرەسە و فەزای پێویست دابین بکەن و لە کاتی پێویستدا زیندانیی نەخۆش چ لە نێو زیندان یان لە دەرەوەی زیندان دەستی بە دوکتور و دەرمان ڕابگا و چارەسەری پێویست وەربگرێ. کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران وەک نیزامێکی سیاسی کە ئەندامە لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ پێبەند بێ بە پەیماننامە و کۆنڤانسیۆنەکانی پێوەندیدار بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و نەزمی جیهانی بۆ ئاشتی، کەچی زیاتر لە چل ساڵە کۆماری ئیسلامی بە بەرچاوی هەموو کۆمەڵگەی جیهانی یاساشکێنی دەکا و لە هەمان کاتدا کە ڕێز لە قانوونە نێونەتەوەییەکان ناگرێ، ڕێز لەو قانوونانەش ناگرێ کە قانوونداڕێژەرانی خۆی دایانڕشتوە و بە پەسەندی ناوەندەکانی دەسەڵات گەیشتوە. دەتوانین بڵێین زۆربەی ئەو ڕووداوانەی لە زیندانەکانی ئێران ڕوو دەدەن سەرچاوە گرتوو لەو ڕەفتارە نابەرپرسانەیە کە بەرپرسان و کاربەدەستانی زیندان دەرحەق بە زیندانی دەیکەن کە لەگەڵ نێوەرۆکی هیچ کام لەو یاسا و ڕێسایانە یەک ناگرێتەوە کە ئاماژەیان پێکرا.
کاتێک هەواڵی بڵاو بوونەوەی ڤیرووسی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتە نێو زیندانەکانی ئەو وڵاتە، ترسێکی گەورە لە نێو زیندانییەکاندا بڵاو بووە و بوو بە هۆی ناڕەزایەتی و نیمچە ڕاپەڕینێک و لە هێندێک لە زیندانەکاندا کۆمەڵێک زیندانی توانیان ڕابکەن و چەند کەسێکی تریش بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی نێو زیندان گیانیان لەدەست دا. لەو بارودۆخەدا ئەو ترسە گەیشتە نێو بنەماڵەی ئەو زیندانییانە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی هاتە سەر خەت و داواکار بوو لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کە بە بڕیارێک زیندانییەکان لە زیندان ئازاد بکەن بۆ ئەوەی ڤیرووسی کۆرۆنا زەفەریان پێ نەبا و تووشی نەخۆشیی ناعیلاج نەبن. ئەو ترس و نیگەرانییە زۆرە سەرچاوە گرتوو لە دوو بابەت بوو، یەکەم نەبوونی ئیمکاناتی پێویستی دەرمانی لە زیندانەکان و، دووهەم ڕێژەی زۆری زیندانییان، کە هەر دوو ئەو بابەتانە زەمینە خۆشکەرن بۆ بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی کۆرونا و هەر نەخۆشییەکی دیکە. زۆربەی دوکتورەکان و زانایانی بواری تەندروستی لەسەر ئەو بابەتە پێکەوە هاوڕان کە ڤیرووسی کۆرۆنا لە شوێنی داخراو و پڕ حەشیمەت زووتر و خێراتر لە شوێنەکانی دیکە بڵاو دەبێتەوە و ئەوە مەترسیی تووشبوونی زیندانییەکان بەو نەخۆشییە زیاتر دەکا. نیگەرانیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەموو ئاماژە بەو ڕاستییە دەکەن کە بەرپرسانی زیندان گرینگی بە پاکوخاوێنی و بابەتە تەندروستییەکان لە زیندانەکاندا نادەن و لەو بارودۆخەشدا بەندیخانەکان پێداویستیی وەک دەمامک و دەستەوانە و سابوون و کەرەسەی خاوێنکردنەوەیان هەر نییە. بەڵام دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەروەکی پێشتر گوترا نەک بایەخ بە یاسا و ڕێساکانی نێونەتەوەیی و خۆیان نادەن بەڵکوو هەموو هەوڵیان ئەوەیە بە خولقاندنی ترس و پڕ کردنی زیندانەکان تەمەنی دەسەڵاتدارەتیی خۆیان درێژ بکەنەوە و ئەوەی لایان گرینگ نییە گیانی ئینسانەکان و فەلسەفەی زیندانە.
سروشتییە نیزامێک کە هەڵقوڵاو لە ناخی کۆمەڵگە بێ خۆی لە بەرابەر تاک تاکی ئەو کۆمەڵگەیەدا بە بەرپرسیار دەزانێ و پێش ئەوەی بیر لە پڕ کردنەوەی زیندانەکان بکا، لە هەوڵی ئەوەدا دەبێ سەرچاوەی تاوانەکان بدۆزێتەوە و زیندان تەنیا بە چاوی شوێنی دووبارە بونیادنانەوەی ئەو مرۆڤەی کە تاوانی کردوە چاو لێ دەکا. بەداخەوە بە هۆی داخراویی نیزامی کۆماری ئیسلامی ناکرێ زانیاریی تەواو و دروست لە هەلومەرجی زیندانەکان وەدەست بێ، بەڵام ئەوە ڕاستییەکی تاڵە ئەگەر نەخۆشیی کۆرۆنا ڕووی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی کردبێ، لەبەر نەبوونی ئیمکانات و پێڕانەگەیشتن بە سڵامەتیی زیندانی، زیندانەکان لە هەموو شوێنێکی ئێران زیاتر تەلەفاتی ئینسانییان بووە.