ئەو پیلانەی بە منەت دەیفرۆشنەوە

كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژانی رابردوودا بە پاساوی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر لە ٩٠ ھەزار بەندكراوی ئازاد كردوون، ئەو بەندكراوانە بەشێكیان بەشێوەی ھەمیشەیی و بەشێكی دیكەیان بە شێوەی كاتی ئازاد كراون، تەنانەت ھەندێكیان بە پێبەندی ئەلیكترۆنی نێردراونەتەوە ماڵ. بەڵام پشكێنەرانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕاپۆرتێكدا دەڵێن: “ژیانی بەندكراوانی سیاسی و چالاكانی مەدەنی و بیانییەكانی ناو زیندانەكانی ئێران لە مەترسیدایە”. بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوە كۆماری ئیسلامیی ئێران ھیچ بەندكراوێكی سیاسی و تەنانەت چالاكە مەدەنییەكانیشی ئازاد نەكردووە، ئێستا بەشێكیان لە دۆخێكی مەترسیدار لە ناو گرتووخانەكاندا دەژین، دۆخی خراپی تەندروستی و ھەڵكشانی تەمەنی ھەندێكیان مەترسی جیددی خستووەتە سەر ژیانیان و ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای لە نێویاندا زیاد كردووە.

بەڵام ڕێژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەندكراوانی سیاسی و مەدەنی ئازاد ناكات، دوو ھۆكاری سەرەكی ھەن: یەكەم لە ئەساسدا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دان بە ھەبوونی بەندكراوی سیاسی لە وڵاتەكەیاندا نانێن و زۆر بە ڕووهەڵماڵاوییەوە لە كۆڕوكۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكاندا دەڵێن: ” تاقە یەك بەندكراوی سیاسیان نییە”. ئەوەی ھەیە بە گوتەی خۆیان سیخوڕو ئاژاوەگێرن كە ئاسایشی ئەو وڵاتە تێكدەدەن و مورتەدن کە لە ئەساسدا ئەو بۆچوونە پڕیەتی لە درۆ و چەواشەکاری. خاڵی دووەمیش ئەوەیە كە نزیكەی دوو ساڵە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیانھەوێ ڕێگەیەك بۆ ھەموواركردنەوەی یاسای بازرگانیكردن بە مادەی ھۆشبەر بدۆزنەوە، لەدوایین گۆڕانكاریی یاساییدا ئاسانكارییەكی زۆر بە كەم كردنی سزای بازرگانان و فرۆشیارانی مادەی ھۆشبەر لە ئێران كراوە. ھەربۆیە لەو ٩٠ ھەزار كەسەی بە پاساوی كۆرۆنا ئازاد كراون زۆرینەی ڕەھایان پەیوەندیان بە مادەی ھۆشبەرەوە بووە.

لە ماوەی ڕابردوودا دەسەڵاتی دادی ئێران نەیشاردووەتەوە كە ژمارەی بەندكراوان لە ئێران ھێندە زۆرە كە توانای بەرێوەبردنیان لە ڕووی ماددی و جێگەوە نییە، ھاوكات ھەندێك كارناسی نزیك لە دەسەڵاتیش پاساو بە سووككردنی بەرەنگاربوونەوەی مادەی ھۆشبەر دێنن، بەم شێوەیە بە ئازادكردنی ئەو زیندانیانە ڕێژەی گشتی زیندانییەكان لە ئێران بە شێوەیەكی بەرچاو كەم دەكات، بەڵام لە بنەمادا ژمارەی بەندكراوە سیاسی و مەدەنییەكان لە ھەڵكشاندایە، ژمارەی لەسێدارەدانەكان لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەھۆی گۆڕینی یاسای بازرگانیكردن بە مادەی ھۆشبەر كەمی كردووە، بەڵام ژمارەی سزا تووندەكان و بگرە لەسێدارەدان لە نێوان چالاكانی سیاسی و دژبەرەكانی ڕێژیم زیادی كردووە.