دەسبەسەرکردنی حەوت هاووڵاتیی خەڵكی ئاودانان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ٧حەوت هاووڵاتیی خەڵكی ئاودادان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ڕۆژی شەممە، ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “١٠ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ناسنامەی ئەو حەوت هاووڵاتییەی خەڵكی ئاودانان کە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون بریتین لە: ڕەحمەت ڕەشیدی، بێهرووز شێخی، ئەشکان سەوزی، ئارمان کەرەمی، عارف میرزایی، ئەمیرحوسێن خان‌محەممەدی و مستەفا سەفار.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو هاووڵاتییانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون و گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.