دادگایی کردنی نێردراوی بەیتی ڕێبەری

فەتاح ڕەسووڵی

دادگایی کردنی نێردراوی بەیتی ڕێبەری

(دیرۆکی خۆڕاگری بەشی دووهەم و کۆتایی)

وردە وردە ئاراستەی چالاکییەکانم گۆڕی و زیاتر ڕووم کردە چالاکیی مەدەنی و تێکەڵاوی لەگەڵ خەڵک، بەڵام بە تەلەفوون ئاگاداریان دەکردمەوە کە هەر لەژێر چاودێری‌دام. هەر ئەو کاتە چەند جاران لە کۆیە بە نهێنی سەردانی سەرکردایەتیی حیزبم کرد.

لە ساڵی ١٣٨٣ تێکهەڵچوونێک لە نێوان بنەماڵەکەم و مەئمووران ڕووی دا کە دەیانویست بچنە نێو حەوشەی ماڵەکەمان و زۆر بەتوندی پێشیان پێگرتن. گرتن و لێدانێکی باشیان وێکەوت و دەریانپەڕاندن. لە دادگا پەروەندەیەکیان بۆ کردنەوە، هاتن قۆڵبەستیان کردن و بەرەو دادگایان بردن، بەڵام پێش ئەوەی قازی حوکمیان بدا، بە پارە دۆسییەکەم داخست، نەمهێشت بچنە زیندان.

ڕۆژیک لە لایەن فەرماندار و فەرماندەی نیرووی ئینتزامییەوە ئەمن و هەموو ئەندامی بنەماڵەکەم بانگ کراین و گوتیان لە دەستتان وەزاڵە هاتووین و تکاتان لێ‌دەکەین دەست لە کاری سیاسی هەڵبگرن، دەنا ئاکامێکی باش بە خۆتانەوە نابینن.

ڕۆژی ٢٠ـی خاکەلێوەی ٨٨ دەمەویست بەرەو کارگەی بلووکان بڕۆم، کوتوپڕ دوو ماشێن ئەم سەرەوسەری کۆڵانەکەیان گرت. ٩ کەسی چەکدار دەوری منیان دا گوتیان ماڵی فەتاح ڕەسووڵیمان دەوێ. گوتم ئەمە ماڵەکەی و خۆشم ئەو کەسەم، ئێوە کێن؟ وتیان لە ئیتلاعاتی ورمێ و پیرانشارین و هاتووین بۆ دەسبەسەرکردنی ئێوە، هەندێک پرسیارە لێت دەکرێن و دوایی دێنەوە. گوتم دەی فەرموون، گوتیان نا بەڵام ماڵەوەش دەپشکنین. موبایلەکەم لە گیرفاندا کوژاندەوە و دەگەڵیان چوومە ژوورێ، زوو موبایلەکەم فڕێ هەڵدا بۆ خێزانم. لێم تێگەیشت و بێ‌ترس و بێ ئەوەی بزانن شاردییەوە.

دەستیان بە گەڕان کرد هیچیان دەست نەکەوت، پێشتر هەموو ئەو شتانەی کە خۆم دەمزانی دەبنە کێشە ڕامگواستبوون. پاشان گوتیان موبایلەکەتمان دەیە گوتم ئەمڕۆ بەیانی لە دەستم کەوتە خوارێ و ناردوومەتە مەهاباد بۆم چاک کەنەوە. گوتیان درۆ دەکەی تا یەک ساعەت لەمە پێش قسەت پێ‌دەکرد وتم بەڵێ وایە پێش هاتنی ئێوە وای لێ‌هات.

قۆڵبەستیان کردم بەرەو ئیتلاعاتی پیرانشار. لە پێشدا لێدانێکی باشیان لێدام هەرچی گوتیان وەرم نەگرت، گوتم هیچ پێوەندییەکم بە حیزبی دێموکراتەوە نییە، حەوت تۆمەتیان وەپاڵ دابووم: ١_ دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەرایەتیی حیزب، ٢_ هەوڵدان لەدژی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم، ٣_ بڵاوکردنەوەی تراکت و ئاگرکردنەوە لە بۆنە حیزبییەکاندا ٤_ بەزاندنی سنوور ٥_ ناردنی لاوان بۆ نێو ڕیزەکانی پێشمەرگە و دێموکرات ٦_ دانی زانیاری و هاوکاریی هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆدا ٧_ پێوەندیی تەلەفوونیی بەردەوام لەگەڵ ڕێبەرایەتیی حیزب. دوای ٣ ڕۆژ و شەوان ئەشکەنجە و هەڕەشە هیچیان دەست نەکەوت.

دوایە درامە دادگا. لەوێ سڵاوم لە قازی کرد، بەڵام وڵامی نەدامەوە. بە تووڕەیی گوتی دانیشە. گوتی “چەند کەست کوشتوە؟”. پێکەنیم؟گوتی بۆچی پێدەکەنی؟ گوتم سڵاوم کرد وڵامت نەداوەمەوە، ئێستاش دەبێ دەستم بکرێتەوە و مەئمورەکانیش بچنە دەرەوە. گوتی: “وادیارە لە قانونیش دەزانی، ئەدی بۆچی کارەکانت هەمووی نایاساییە؟” دەستیان کردمەوە و مەئمورەکان چوونە دەرەوە. گوتی وڵامی پرسیاری یەکەمم بدەوە، گوتم ئەمن پیاوکوژ نیم. گوتی مەگەر پێشمەرگەی دێموکرات نەبووی؟ گوتم ئەمە ٣٠ ساڵ پێش بووە. گوتی پەروەندەی ئەوەش گەڕاوەتەوە سەر ئەم پەروەندەیەت. گوتم بەڵێ ئەوکات لەگەڵ بوومە بەڵام ئەوەی ئیدارە ئیتلاعاتی دەیکا تەنیا تۆمەت و بوختانێکە و هیچی دی. زۆر بە توڕەیی گوتی وەرن بیبەن.

بەڕێیان کردم بۆ ئیتلاعاتی ورمێ. لەبەر درەنگ گەیشتنمان ناردیانم بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ و ماوەی چەند حەوتویەک لەوێ مامەوە.

لە ژوورێکی تاکەکەسیدا بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژان ڕایانگرتم. دوایی کەسێکیان هێنایە لام تەمەنی نیزیک بە ٣٠ ساڵ دەبوو، بە زمانی کوردی و فارسی و تورکی قسەی دەکرد. ڕۆژی یەک-دوو جار دەیانبردم بۆ بازجوویی. چوار ڕۆژان ئەو کەسە لەلام بوو، ژوورەکەمان تاکەکەسی بوو و توالێت و حەمامیش کە دیوارەکەی نیو میتر بوو هەر لەنێو ژوورەکەدا بوو. دەبوو بە نۆرە یەکمان لەسەر دیواری توالێتەکە دانیشین و یەکیشمان بخەوێ. بەڵام کاتێک نۆرەی خەوتنی من دەهات تا خەوم لێدەکەوت، دەیقیڕاند. تا چوار شەو و ڕۆژان بەردەوام بوو. بێ‌خەوی بڕستی لێ بڕیبووم. ئاخری لێم دا و هاواری لێ بەرز بۆوە و هاتن بە فریای کەوتن و بردیانە دەرێ، زانیم فێر کرابوو. بۆ ڕۆژی دواتر بردیانم بۆ بازجوویی لەسەر ئەو کەسە و لێدانێکی زۆریان لێدام، دوای دوو ڕۆژان دیسان بازجووییەکانم دەستیان پێ‌کردەوە، وڵامی منیش هەر ئەوە بوو کە لە پێشدا گوتبووم.

دوایی ٤٠ ڕۆژان بە دەست و چاوی بەستراوەوە بردیانم بۆ جێیەکی دیکە، دەنگی بازجووەکەم نەدەناسی. گوتی تۆ برای منی ئێمە هەر دووکمان هاونیشتمانیی یەکترین، من بازجوو نیم ئەو پرسیارانەم هیچ پێوەندییەکی بە پەروەندەکەتەوە نییە. من لە لایەن بەیتی ڕێبەرەوە هاتووم. شانسی پەروەندەی تۆم دەست کەوتوە، بەبێ ترس وڵامی پرسیارەکانی من بدەوە دیسانیش دڵنیات دەکەمەوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دۆسییەکەت نابێ، وڵامی پرسیارەکانت لەگەڵ خۆم دەبەمەوە تاران. باسێکی زۆر دوور و درێژمان کرد و لە ڕاستیدا من ئەوم بازجوویی کرد و، وڵامێکی پێ‌نەبوو بۆ پرسیارەکانم.

بۆ بەیانی بردیانم بۆ دادگای ئینقلابی ورمێ کە گەیشتمە وێ براکەم و خزمەکانم لەوێ بوون. وتیان ئەوە پارێزەری تۆیە سڵاوم لێ کرد نەیوێرا وڵام بداتەوە. وتم ئەو کەسە ناوی چییە و خەڵکی کام شارە؟ گوتیان ناوی ئەوەیە و خەڵکی پیرانشارە. گوتم کوڕی فڵان کەسە؟ گوتیان بەڵێ. بە پارێزەرەکەم گوت کاکە تۆ پارێزەری من نابی خواحافیزت بێ. هەرچەند براکەم تووڕە بوو، گوتم خۆم لە خۆم دیفاع دەکەم.

بە تەنیا چوومە دادگا. قازی گوتی بیبەنە زیندانی نەغەدە و دوای چەند ڕۆژ ئازاد دەبی. کەچی چەندین مانگی دیکە لە زیندانی نەغەدە مامەوە. پاش ئازادبوونم لە ساڵی ٩٠یشدا دیسان کەوتمەوە زیندان و دوای چەند مانگان ئازاد کرام.

گوشارەکان لەسەرم هەر بەردەوام بوون و هەتا لە ساڵی ٩٥، بە تەلەفوون بانگیان کردم و منیش وتم لە تەورێز لەلای دوکتورم، بێمەوە پێوەندییتان پێوە دەگرم. زانیم ئەم جارە بگیرێم ڕزگار بوونم ئەستەمە و هەر بۆیە ڕۆژهەڵاتم بەجێ هێشت و هاتمە کۆیە و پێوەندییم گرت بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە. بەمجۆرە تێکەڵ بە ڕیزەکانی ئاشکرای حیزبەکەم بوومەوە.