دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی بەندیخانە کران

خۆڕاگری: محەممەد نیک‌پەی، محەممەد ئەشتەک، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «نێ» سەر بە شاری مەریوان کە پێشتر بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆزدا هەرکامەیان بە ٣ مانگ بەندکران حوکم درابوون، ڕەوانەی بەندیخانە کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان «خۆڕاگری» ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی «٢٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٥ی زایینی»، محەممەد نیک‌پەی، محەممەد ئەشتەک، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «نێ» سەر بە شاری مەریوان کە پێشتر بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆزدا هەرکامەیان بە ٣ مانگ بەندکران حوکم درابوون، بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی بەندکرانەکەیان دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کران.

محەممەد نیک‌پەی و محەممەد ئەشتەک ڕۆژی هەینی ١ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (٢١ی مارسی ٢٠٢٥)، لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمی نەورۆزی کوردستان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، کە دواتر حوکمی بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.