دەستبەسەر کرانی شەش هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا

هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری پیرانشار لانیکەم ٦ کەسیان دەستبەسەر کردووە کە یەکێکیان پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (١ی مارسی ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری پیرانشار لانیکەم ٦ کەسیان دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا ئەو ٦ کەسەیان بە بێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر کردووە کە ناوەکانیان بە شێوەی خوارەوەیە؛

١_ سەید ئەحمەدی سابری خەڵکی پەسوێ ٢_ سەید مستەفا سابری (باوکی ئەحمەد) ٣_ عەبدوڵڵا حەسەن زادە خەڵکی پەسوێ ٤_ محەمەد ئیبراهیم زادە خەڵکی خورینج ٥_ سەلام بازرگانی خەڵکی پەسوێ ٦_ محەمەد ڕەسوول ئەلیاسی خەڵکی نەغەدە

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە سەید مستەفا دوای پێنج کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد و چارەنووسی پێنج کەسی دیکە نادیارە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هۆ یان هۆکارەکانی دەستبەسەر کرانی ئەو پێنج هاووڵاتییە و یان ئە وتۆمەتانەی کە خراوەتە  پاڵیان ئاشکرا نەبووە.