“بەڵگە نامەی خۆڕاگری شەهید کەریم تووژەلی”

“بەناوی شەهیدانی سورخەڵاتی گەل وە بەناوی خۆڕاگرانی شێلگیر و فیداکار
بۆ برای زۆر بەڕێز کاک مستەفا، وێڕای سڵاوی گەرم و شۆڕشگێڕانە
ساخی و سەرکەوتن و سەرفرازیت ئومێد وهیوای منە… وە سڵاو ڕێزم هەیە بۆ بنەماڵەو تەواوی دۆست و ڕەفیق و نزیکان.
زۆر دەمێکە لەفکری نووسینی نامەیەک دابووم بۆ ئەوەی بتوانم لە حاڵ و وەزعی خۆم ئاگادارتان بکەم، چونکە دڵنیام بەدوای گیرانی من و بەنیسبەت بەرخورد و هەڵوێستی من نەوعە نیگەرانیەکتان بووە، بەڵام بە واتای حەقیقی تا ئەو چەند ڕۆژانە، نە مەلاقاتم بووە و نە چووکترین فرسەتم بووە. ئیستا لەو وەزعەدا زۆر لە ترسی دا ئەو چەند دێرە دەنووسم و دەینێرمە دەرێ. هەرچەندە ئەو جەریانەی من بەرەوڕووی بوومەوە بەشێکی زۆری دەگێڕمەوە بۆ بێ لوتفی و کەمتەرخەمیی ئێوە لەگەڵ من دا بە تایبەت شاهۆی بەڕێز کە نامهەوێ درێژدادڕی بکەم چونکە لە نامەیەک دا بە دووروودرێژی بۆ کاک حەسەنم نووسیوە، بەڵام بەهەرحاڵ بیر وباوەڕی من زۆر لەو بێ‌لوتفیانە بەهێزترە کە بەهیچ جۆر ناتوانن لەسەر بیر و ئیعتقادی من تەئسیری مەنفی‌یان هەبێ، چون لام زۆر مقدس و بەڕێزە و هیوادارم وەک هەمیشە تەجروبەکان دووبارە تەجروبە نەکەنەوە.
لەسەر شێوەی گیرانەکەم پێویستە عەرزتان بکەم لەمانگیی ٢دا un منیان بانگ کرد و گوتیان دەمانەوێ بەمەبەستی بەڕێ کردن، موشکیلەی (خروجی)ت بۆ حەل بکەین. بۆ ئەو مەبەستە منیان برد بۆ ئەمنیەتی مەرکەزی لە ئەنکارا، لەوێ بە پۆلیس مەعەرڕەفییان کردم و پێیان گوتم هەر ئەو ئەدرەسەی داوتە هەرکات بەو ئادرەسەی داوتە پۆلیس، ئەگەر پۆلیس لەدوای ناردی بچۆ. دوای مانگێک پۆلیس داوای بینینی کرد و منیش بە نیەتی ئیحتیات کردن لەگەڵ un مەوزوعەکەم باس کرد بە تەلەیفوون، گووتیان هیچ نیگەرانیت نەبێ. منیش بە دڵنیایەوە چووم هەر کە گەیشتمە ئەوێ پۆلیس دەستیان بەستم ولە مەرزی ئێران خۆم دیتەوە وهاوار و ڕشوەدان بە هیچ کوێ نەگەیشت . کە بردیانم بۆ مەرز مەئمووری ئێران لەوێ چاوەڕوان بوون و لە مەئموورانی تورکیایان تەحویل وەرگرتم و یەکسەر بردیانم بۆ “خۆی” یە، پاش چەند ڕۆژ هێشتنەوە و بازجوویی هێنایانم بۆ ئیتلاعاتی ئوستانی. لەوێ حاجی قودرەت ئەسلی مەسەلەکەی بۆ باس کردم و گوتی لەپارەوە ئێمە لە تەعقیبی تۆ داین، بەخۆشیەوە ئێستا کەوتوویەتە داوی سرویسە ئیتلاعاتیەکانی ئێمە و هیچ کەس نیە تۆ نەجات بدات هەتا مەلا عەوڵاش، تەنیا خۆتی کە توانای رزگار بوونی خۆتت هەیە. بەهەرحاڵ لە سەرەتایەکان دا زۆر رێز وئێحتڕامیان گرتم، منیش لە مەبەستی ئەوان حاڵی بووم. بۆیە تەشریفاتی ڕواڵەتیی ئەوان نەیتوانی من فریو بدات.هەربۆیە پاش چەند ڕۆژان نێعمەتی ئیلاهییان بەسەردا باراندم کە لەباس کردن و گێڕانەوە نایەت. نامهەوێ ئەوەتان بە ڕۆخ بکێشم تەنیا ئەوەندە نەبێ کە بردیانم بۆ ژێرزەمینێک کە وەک دیوی عەمەلی جەڕاحی دەچوو کە چەند جار لەژێر تەوژمی پرۆژکتۆردا سەریان لەدەزگایەکی بەرقی دام کە ئەو دەزگایە ئینسانی نیوە بێهۆش دەکرد و دەزگای زەبەت گیری پێوەبوو. زۆریان هەوڵ دا ئەوەی مەبەستیان بوو پێی نەگەیشتن بۆیە پاش چەند ڕۆژان ڕەوانەی سەردەشتیان کردمەوە و لەوێش پاش سێ مانگ ئازار و ئەشکەنجە و لێدان و بازجوویی رەوانەیی بازداشتگای ئیدارەی ئیتلاعاتی مهابادیان کردمەوە. لەو ماوەیەدا کە لەسەردەشت بووم لە ئیدارەی ئیتلاعات زیاترهیچ کەس لە بوونی من ئاگادار نەبوو و بەشێوەیەکی زۆر مەخفی هێشتبوویانمەوە کە دیارە مەبەستی خۆیان هەبوو.لەسەردەشت بۆ لەرەستەبرنی من هەوڵێکی زۆریان داوپیلان …گیرا بەڵام بەشی ئەوەندەم تەجروبە هەبوو کە لەبەرامبەر ئەشکەنجەی ئەواندا خۆم ڕابگرم و فریوی ئەوان نەخۆم. هەربۆیە کە لەو تاقیکاریانەیان شتی ویستی خۆیان دەست نەکەوت، چەند داوایەکی دیکەیان هێنا گۆڕێ کە بریتی بوون لە لەسەر تەلەفزیۆن قسەکردن ئەوەم ڕەت کردەوە. گوتیان لە نوێژی جومعەدا لە سەردەشت قسە بکە، گوتم توانام نییە. پاشان گوتیان شووڕا و ریش سپیی گوندەکانی بڵفەت کۆ دەکەینەوە لە مزگەوتی میراوێ قسەیان بۆ بکە، کە ئەوەش وەڵامی ڕەددی هەبوو. ئاخرین داواکارییان ئەوە بوو کە بەشێوەی نهێنی بمێنمەوە. چەند کەسێکیان لە دۆستانی لای ئێوە بۆ دەستنیشان کردم کە کاریان لەسەر بکەم و بیانکەم بە عوامیلی نفووزی کە ئەوەش هەر وەڵامی ڕەدی هەبوو. دیارە بە ڕواڵەت دەیانگوت ئەگەر یەکێک لەوکارانە بکەی ئێمە ئیمکاناتێکی زۆرت پێ دەدەین و ئازادت دەکەین . بەڵام نیەت و هەدەفی ئەوان زۆر باش لای من ڕوون بوو، بۆیە ئەو داواکاریانە هەر وڵامی ئەوەیان پێویست بوو. بەو مەوزەعگیریانەی من زۆر رەق و تووڕە بوون. هەربۆیە لەوێ سوێندیان لێ خواردم کە ئەگەر ئەوا بڕۆیە پێش ئێعدامت دەکەین. پاشان هێنایانم بۆ مەهاباد و بردیانم بۆ دادگای ئیتلاعات و پاش چەند رۆژان لە دادگایەکی تەشریفاتی دا، حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاندم.
هەرچەندە ئێستا حوکمی ئێعدامم خواردوە بەڵام بۆمن مایەی شانازی و سەربەرزییە، کە بۆماوەی چەند مانگێکە گیراوم و کەسێک لە سیاچاڵەکانی رێژێم نابینم کە بە ئیعترافی من گیرابێ، تەنیا کەسێک نەبێ کە ئەویش لەدادگا هەرچی گوتبووم ڕەتم کردەوە و ئەوێش ئازاد بووە. بۆیە لەو بارەیەوە دڵنیاتان دەکەم من کەسێکی وام ئیعترافم نەکردووە کە حوکم بخوات لەتەواوی ئەو کەسانەی کە لەژێر ئەشکەنجەدا ئیعترافم کردوە چوار پێنج کەسی دۆستی ئێوەیان تێدایە کە ئەوانیش ئەندام نین و بە عینوانی لایەنگریش ماوەیەکی زۆر ئیرتباتیان قەتع ببوو. هەرچەند فشارێکی زۆریان بۆ هێنام بەڵام من هەرگیز ئیجازەم بەخۆم نەدا چونکە ئەگەر لەباری حیزبییشەوە نەبێ، لە بواری ئەخلاقی و ویژدانیەوە لە مقابیل ئەو کەسانەدا تەعەهودم هەیە و بۆیە ئامادەم و ئامادە دەبم بۆ پاراستنی گیان و مەوجودییەتی ئەوان خۆم بەپەتی سێدارە وە بکەم. دیارە ناوی چەند ماڵێکم گوتوە ئەویش ‘مەزرایی”زۆری نامەردی لەگەڵ کردم و ڕووبەڕوو ئیعترافی لەسەر کردم. هەر بۆیە لەوانەیە هێندێک شت بێ ئەو بیگوتبێ، بەڵام لەوکاتە بەحسابی من تەواو بێ ، هەرچەندە گوزارش و ئتلاعاتێکی زۆریان لەپەیوەندی لەگەڵ مندا هەبوو، بەڵام من هەموویانم ڕەت کردەوە. بۆیە جارێکی دیکەش ئێوە و هەموو دۆستان دڵنیا دەکەم کە من کەسێکم ئێعتراف نەکردوە کە بە ڕاستی حیزبی بێ و حوکم بخوات. ئەسلەن چەند کەسێکیان تێدان دەست و پێوەندی خۆیانن. هەر بۆیە خەبەرم هەیە کە چەند کەسێک هەڵاتوون کە من بە هیچ جۆر ئەوانم ئیعتیراف نەکردوە. لەوانەیە ڕیژێم هەڵلا وهەنگامێکی زۆری ساز کردبێ. بەڵام داوام ئەوەیە لەمەو بەدوا ئەگەر کەسێک یان کەسانێک لەو بارەیەوە نیگەرانیان هەبوو بەتەواوی دڵنیایان بکەن.
بەڵام هەرچەند حەقیقەتێکی تاڵیش بێ لەڕاستی‌دا لە ئیتلاعات لە جەریانی هەندێک مەسەلەدا بوون کە تا من لەوێ بووم کادرەکانیش لەجەریاندا نەبوون ،هەربۆیە هەرچەندە من تازە ئیعدامم خواردوە بەڵام بۆ ئەوەی جانبی ئیحتیاتمان گرتبێ داوام ئەوەیە کە ئەو نووسراوە نەکەوێتە سەر زار و زمانان و ئەو مەسەلانەی باسم کردوون نەبنە شابەیتی محافلی ئەوێ و من جەنابتم بە مناسب زانی بۆئەوەی لەو جەریانەت ئاگادار بکەم. دیارە ئەوانەی پارەکە گیرابوون ئیعترافی زۆریان لەسەر من کردبوو کە هەم ئیعترافی ئەوان، هەم “مەزرایی” شتەکەیان زیاتر لەمن خراپ کرد.
لە کۆتایی دا با بڵێم کە شاروێرانییش لەلای منەو بەیەکەوە لە زیندانی مهاباد داین. شایەد فرسەتی زۆر باش بێ بۆ ئەوەی ماڵاواییتان لێ بکەم وگەردەن ئازایەتیتان لێ وەربگرم، کە هیوادارم گەردنم ئازاد بکەن و گەردنی هەموولایەکتان ئازاد بێت.
زیندانی مەهاباد ٧٧/٨/١٥
کەریم