یازدە کەس لە خۆپێشاندەرانی سنە و کرماشان دەستبەسەر کراون

لە یەکەم ڕۆژی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری شارەکانی سنە و کرماشان لانیکەم ١١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی بەفرانباری ٢٧١٩ (١٢ی ژانویەی ٢٠٢٠)، لە کاتی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی سنە بە نیسبەت شەرمەزار کردنی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئۆکراینی لەلایەن سپا پاسدارانەوە، هێزە ئەمنیەکان هەڵیان کوتاوەتە سەر خەڵک و بە باتۆم لە خەڵکیان داوە.

ئەو ویدیۆیانەی کە بە دەست کەوتوون ئەو زانیاریانە پشتڕاست دەکاتەوە. لەلایەکی دیکەوە هێزە ئەمنییەکان لە شەقامەکانی شەشی بەهمەن و تەوحید لانیکەم ٧ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کردووە کە یەکێکیان کچ بووە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە ناسنامەی هیچ یەکێکیان کە لە شەقامی تەوحید دەستبەسەر کراون ئاشکرا نەبووە.

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە کرماشانەوە بە دەستمان گەیشتووە لانیکەم ٤ هاووڵاتی لە کرماشان دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی سێ کەسیان بە ناوەکانی “سەلاح غەریبی” ، ”سیاوەش حەیاتی“ و “نەبی تەڕدەست” بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە. ئەو سێ کەسە خوێندکاری زانکۆی ڕازی کرماشان بوون.