خەڵکی سنە و کرماشان هاتنە سەر شەقام و چالاکێکی کرماشانی دەستبەسەر کرا

هاوکات لەگەڵ دووهەمین ڕۆژی ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران بە نیسبەت خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئۆکراینی لەلایەن سپای پاسداران خەلکی شارەکانی سنە و کرماشانیش هاتنە سەر شەقام و چالاکێکی مەدەنی دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی بەفرانباری ٢٧١٩ (١٢ی ژانویەی ٢٠٢٠)، سیاوەش حەیاتی، چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان کە هاوکات وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنی یارسانییە، لەپیش دەرگای زانکۆی ڕازی کرماشان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

کاتێک کەخوێندکارانی زانکۆی ڕازی کرماشان ویستوویانە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ڕێک بخەن هێزە ئەمنییەکان دەرگای زانکۆیان لەسەر داخستوون.

هاوکات، لە شەقامەکانی سنە و کرماشان خەڵکی لە دژی سپای پاسداران و دەسەڵاتدارانی حکوومەت دروشمیان وتەوەو بە پێی ئەو گرتە ویدیۆیانەی کە بڵاوبوونەتەوە هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێ کردنی خەڵک کەڵکیان لە گازی فرمێسک ڕێژ وەرگرتووە.

ناڕەزایەتییەکان دوای ئەوەی سپای پاسداران بەرپرسیارێتی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینیەکەی گرتە ئەستۆ لەتاران دەستی پێکرد و چەندین شاری دیکەی گرتەوە. لە ئەنجامی خستنە خوارەوەی ئەو فڕۆکەیە ١٧٦ کەس گیانیان لە دەست دا کە ١٢ کەسیان هاووڵاتیی کورد بوون.