حوکمی ٨ ژینگەپارێز بەتۆمەتی هاوکاری وڵاتانی بێگانە

هەشت چالاکی ژینگە کە لە ساڵی ٩٦ی هەتاوییەوە لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامیدان، لەو ڕۆژانەدا لەلایەن دادگاوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی بێگانە حوکمدران.
هەشت کەس لە ژینگە پارێزان و چالاکانی بواری ژینگە کە لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوییەوە لە گرتووخانەکان کۆماری ئیسلامیدا بەسەر دەبەن، لەو ڕۆژانەدا دادگای شۆڕشی ئیسلامی بڕیاری کۆتایی بەسەردا سەپاندن و بە تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ دەوڵەتانی بێگانە سزا دەدرێن.
“کازم حوسەینی” پارێزەری ئەو ژینگەپارێزانە لەوبارەوە ڕایگەیاند کە ئەو چەند کەسە کە لە دادگا حوکمیان بەسەردا سەپاوە، بەپێی ماددەی ٥٠٨ی یاسای بنەڕەتیی ئێران سزایان بۆ دیاری دەکرێ و هەر بەپێی ئەو یاسایە کە تاوانبار بوونە بە هاوکاریکردنی دەوڵەتانی بێگانە و دژ بە کۆماری ئیسلامی چالاکییان ئەنجامداوە، حوکمەکەیان سووک نابێ و ڕەنگە زیاتر لە ١٠ ساڵ بەند بکرێن.
شایانی باسە کە ئەو چەند کەسە پێشتر بە ” مفسد فی الارض” تۆمەتبار کرابوون بەڵام ئێستا ئەو تۆمەتەیان لێ نادرێ و بەس تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ وڵاتانی بێگانە سزا دەدرێن.
ئەو چەند کەسە کە بەو تۆمەتە دەسبەسەر کراون بریتین لە: “ئەمیر حوسێن خالقی، هوومەن جۆوکار، تاهیر قەدیان، سپیدە کاشانی، سام ڕەجەبی، نیلووفەر بەیانی، عەبدولرەزا کوهپایە، مراد تاهباز”.
شایانی باسە کە دۆخی چالاکانی ژینگە و چالاکانی دیکە لە بوارەکانی تردا، هەمیشە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە یان سەرکوت کراون، تۆمەتی جۆراوجۆریان خراوەتە پاڵ، دەسبەسەر و حوکمی قورسیان بەسەردا سەپاوە