کۆتایی مانگرتنی پەیمان میرزازادە و بەردەوامیی مانگرتنی ٥ کەسی دیکە

پەیمان میرزازادە، بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ورمێ بەهۆی ناڕەزایەتییەوە ماوەیەکی پێش، دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن و بەرپرسانی بەندیخانەکەی بە توندترین شێوە لەگەڵی کردەوەی نەشیاویان کردبوو. سەرەنجام لە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژ، دوای شەش ڕۆژ، مانگرتنەکەی شکاند و کۆتایی پێ هێنا. پەیمان میرزازادە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە حوکمی ناوەندی ١١٠ی داداگای گشتیی ورمێ کە بەتۆمەتی بێڕێزی کردن بە پیرۆزییەکانی کۆماری ئیسلامی و خواردن مەشرووبات دەرچووبوو و هەروەها بڕیار بوو کە قامچی لێ بدرێت، دەستی دابووە مانگرتن و شەش ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو.
هەر بەهۆی ئەو کارەوە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە دووتوێی بەیاننامەیێکدا خوازیاری ئازادبوونی بێ چۆن و بۆچیی ئەو زیندانییەسیاسیە ببوو.
شایانی باسە کە هاوکات لەگەڵ کۆتایی پێ هێنانی مانگرتنی پەیمان میرزازادە، مانگرتنی قادر سەلیمی، مستەفا سەبزی، بەشیر پیرماوانە و چەند کەسی دیکە دەستیان داوەتە مانگرتن و هەواڵنێرێکی جێگای متمانە لەو بارەوە ڕایگەیاندووە کە دۆخی جەستەیی ئەو چەند کەسە لە بەندیخانەدا باش نییە و شوێنی ڕاگرتنیان باش نییە و بەرپرسانی بەندیخانەکە لە فیکریان دا نین.
زۆربەی ئەو مانگرتنانەی بەندکراوەکان بەهۆی ناڕازی بوونیان لە کاربەدەستانی بەندیخانەکەیان و بێبەری بوونیان لە هەموو جۆرە مافەکانیانە و سەرچاوە لە کردەوە نامرۆڤانەکانی بەرپرسانی زیندانی دەگرێت.