بە پێی هەواڵێک کە بە کوردستان وکورد گەیشتووە سێ شەو لەمەپێش دوو کەس بە ناوەکانی عەلی مەحموودی و جەزا مەکاری، خەڵکی نۆدشەی سەر بە پارێزگای کرماشان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە، بە هۆکاری ناڕوون دەسبەسەر و بۆ شوێنیکی نادیار گواستراونەتەوە.
هاونیشتمانییەک لەو پێوەندییەدا گوتی: لە ڕۆژی سێشەممە ١١ی پووشپەڕەوە کە ئەو دوو کەس دەسبەسەرکراون بنەماڵەکانیان بە دواداچوونیان کردوەو بەڵام تاکوو ئێستا لە چارەنووسیان هیج زانیارییەک لە بەردەستدا نیە.
جێیئاماژەیە کە لە یەکەم رۆژی ساڵی ٩٨ی هەتاوییەوە بە چاوخشاندنیک بە ئامارەکان، رۆژ نییە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کەسێک دەسبەسەر، یان بانگی ناوەندە ئەمنییەکان نەکرا بێ.
هەروەها بە گوتەی خوشکی زارا محەممەدی چالاکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری سنە، زیاتر لە ٤٠ ڕۆژە بنەماڵەکەیان نیگەرانی چارەنووسی ئەو کچە دەسبەسەرکراون و لەم ماوەیەدا ناوەندە ئەمنییەکان لە هۆکاری ڕاگرتنی زارا محەممەدی هیچیان بە بنەماڵەکەی نەگوتووە.